ئەنجومەنی وەزیران ڕێكارەكانی ڕێگەگرتن لە كۆلێرا و دابەزاندن و كۆنترۆڵكردنی سووتەمەنی تاووتوێ دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە دیدارەكەی لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی ڕاسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و ڕوونكردنەوە دەربارەی كار وچالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی كوردستان بگەیەنن.

دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە 11 ساڵی 2013 كرد، ئەویش لە ڕێگەی دەركردنی ڕێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان ڕێك بخرێتەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێكی بەرفراوانی دەربارەی ڕێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕێگریكردن لە تەشەنەكردنی نەخۆشیەكانی سكچوونی توند و پەتای كۆلێرا وكۆنتڕۆڵكردنیان خستەڕوو كە تیایدا بە ئامار و شیكاری، هۆكارەكانی سەرهەڵدانی پەتاكە و ئامادەكاریی و ڕێكار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەكەی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیارەكانی ڕاپۆرتەكەی وەزیری تەندروستی پەسەند كرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێكارەكانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی ئەم پەتایە و چارەسەركردنی سەرچاوە و هۆكاری نەخۆشیەكە، بە تایبەتی پاككردنەوەی سەرچاوەكانی ئاو و هوشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لەمبارەیەوە.

پاشان لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت ، دەرەنجامی بڕیاری كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە كێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆك وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ كاركردنیان بۆ دابەزاندن و كۆنترۆڵكردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی كوالێتییەكەی و ڕاشیسپاردن كە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێكارانە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و كۆنترۆلكردنی نرخی سووتەمەنی.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە گرنگترین كار و پڕۆژەكانی چاكسازی كە لە لایەن وەزارەتەكانی كابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەكاربوونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی كاری كابینەكە و یاسای چاكسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 كە لە لایەن وەزیرەكانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران.

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەكانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پەسەند كرد تایبەت بە درێژكردنەوەی ماوەی كاركردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانكاریی بۆ دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان، تاكو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراكیەكان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبوونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان تا 30_9_2022 وەك ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەكی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەكر ، پاقلەمەنی وشك ( نۆك، نیسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شیری منداڵان بە هەموو جۆرەكانییەوە. هەروەها ئاسانكاریی هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ دابینكردنی گۆشتی سوور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تا 17_10_2022 بە ڕەچاوكردنی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان و پاراستن و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆخی كەمی لەوەڕگاكان وكەمی ئالیك و تیمەكانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەكانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریكردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە خراپ سوود وەرگرتن لەم ئاسانكاریانە و بەرزكردنەوەی نرخەكان.

لە بڕگەی كۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێكی خستەڕوو سەبارەت بە پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەكانی نەوت وگاز لە هەرێمی كوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەكانی تایبەت بە زانیاری وژمارەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەكانی نەوت وگاز و داهات وخەرجییەكانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی وردبینی كۆمپانیای دیلۆیت ، لە ڕووی نرخ وتێچووی خزمەتگوزارییەكە و خستنەڕووی ڕاپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی و فراوانكردنی چالاكیبەكانییان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی مانگانە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا