پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەشی نوێی زنجیرە درامای گەردەلوول بەرهەمدەهێندرێت و چەندین رووداوی سیاسیی گرنگی باشووری کوردستان لەبەشی نوێی دراماکەدا باسدەکرێن.
دەزگای میدیایی کوردستان رایگەیاند، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پاڵپشتیی دارایی بۆ ستافی درامای گەردەلوول دەربڕیووە و لە ئێستادا دەست بە کارەکان کراوە و دوو بەشی نوێ لە دراماکە بەرهەمدەهێندرێت.
پێشتر لەمبارەیەوە جەلیل زەنگەنە، دەرهێنەری درامای بەناوبانگی ‘گەردەلوول’ بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاندبوو، “گەردەلوول پێکدێت لە 5 بەش و تا ئێستا دوو بەشی ماوە بێتە بەرهەم؛ ئەو رووداوانەی کە ماون و گێڕانەوەیان دەکەوێتە بەشی چوار و پێنج بریتین لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئەنفال، قەدەغەی هاتووچۆی سلێمانیو تەواوی ئەو کارەساتانەی تێدایە کە بەسەر کورد دا هاتووە”.
گەردەلوول یەکێکە لە بەناوبانگترین دراماکانی کورد و رووداوەکانی دراماکە باس لە کۆژان و ئازار و خەباتی گەلی کورد لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێوە تاکو راپەڕین و ئازادبوونی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەکات؛ دراماکە تا ئێستا سێ بەشی لێ بەرهەم هاتووە و بە ووتەی دەرهێنەرەکەی “دوو بەشی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی”.
جەلیل زەنگەنە، هونەرمەندێكی بواری دراما و نواندن و شانۆگەرییە و لەشاری كەركووك لەدایك بووە، چەندین بەرهەمی شانۆیی و فیلم و زنجیرەی بەرهەمهێناوە، لە ئێستادا پاش تەواوبوونی سیناریۆی بەشی نوێی زنجیرەکە، بڕیارە کارەکانی وێنەگرتنی درامای گەردەلوول دەستپێبکات.