پێشمەرگەیەكی كۆماندۆ لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەك قاچاخچی شەهیدبوو

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كۆماندۆی كوردستان لە بارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەكی هێزەكەیانەوە رایگەیاند، بە داخ و خەمێكی قوڵەوە كۆماندۆ لە پێناو پاراستنی خاك و سەروەری یاسا پێشمەریەگی قارەمان و كورێكی ئازا و چاونەترسی دیكەی بەخشییە خاكی پیرۆزی كوردستان و دڵنیاش بن، كە كاروانی شەهیدان لە كۆماندۆ بەردەوامە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی كۆماندۆدا ئاماژەبەوەکراوە، دوای بەدەستهێنانی زانیاری وردی هەواڵگری، لە سەر باندێكی قاچاخچێتی چەك و شوێنەوار لە گەرمیان، درەنگانی شەوی  ڕابردوو  25ی نیسانی 2024 تیمێكی هێزەكانمان لە ناوچەی ساڵح ئاغا – ناحییەی قۆرەتوو، لە سەعات  12:38 خولەك بۆسەیەكیان بۆ ئەو باندە دانا، كە بەنیازبوون ژمارەیەك چەك و پارچە شوێنەوار ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەن و لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕووبەڕووبونەوە لە نێوان هێزەكەمان و ئەو تۆمەتبارانە ڕوویدا .

دەشڵێت، بەداخەوە لەو ڕووبەڕووبونەوەیەدا كوڕێكی ئازا و چاونەترسی كۆماندۆ بەناوی ( ئەیوب محەممەد عەلی ) شەهید بوو، وێڕایی دەربڕینی هاوخەمی قوڵمان بۆ شەهیدبوونی برا و هاوڕێ و هاوسەنگەرمان كاكە ( ئەیوب) ، هاوكات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهید دەكەین، لە خوای گەورە داواكارین جێگەی بەهەشتی بەرین بێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، كوڕانی كۆماندۆ لەو ڕووبەڕووبونەوەیەدا دەستیان بەسەر چەند پارچە شوێنەوار و دوو ئۆتۆمبێل و ئەو چەكانەشدا گرت، كە باندەكە بەنیازبوون ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی  بكەن، هاوكات یەكێك لە تۆمەتباران لە ڕووبەڕووبونەوەكەدا كوژرا و یەكێكی دیكەیان دەستگیركرا و تۆمەتبارێكی دیكەش هەڵهات.

جارێكی دیكە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە، كە كاروانی شەهیدان لە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆ بەردەوام دەبێت و ڕشتنی خوێنی  یەك بە یەكی “كوڕانی كۆماندۆ” لە پێناو خاكی پیرۆزی كوردستان و ڕێگریكردن لەیاسا دەرچووان، شەرەفێكە هەموومان شانازی پێوە دەكەین، ئەمەش ڕێبازێكە هەموومان لە شەهیدی فەرماندە “ئاكام عومەر “ەوە بۆمان ماوەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا