پۆڵەتیک پرێس:
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانەکانى ماددە هۆشبەرەکانى هەرێمى کوردستانیان دەستگیرکرد.
بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران ڕایگەیاند، “دواى چەندین ساڵ بەدواداچوون، کۆکردنەوەى زانیارى و چاودێرى ورد سەرەنجام هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران توانیان تۆمەتبار ( س.ع.خ ) یەکێک لە گەورەترین بازرگانەکانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان لە بازگەى گۆجار سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەستگیرى بکەن.”
وتیشی، “تۆمەتبار خەڵکى ئیدارەى ڕاپەڕینە و دانیشتووى قەلادزێیە و پشکى شێرى هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە هەموو جۆرەکانى کریستال، هێرویین و تریاک لە هەرێمى کوردستان”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە ماوەى ئەم چەند ساڵە هێزەکانى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکان توانیان دەست بگرن بە سەر ڕێژەیەکى زۆر لە جۆرەکانى ماددەى هۆشبەر و حەبى هۆشبەر و چەندین ئۆتۆمبێل و دەستگیر کردنى ژمارەیەکى زۆر لە ئالوودەبووان و فرۆشیارانى ماددەى هۆشبەر کە کاریان بۆ ( س.ع.خ ) کردووە.”
ئاشکراشی کرد، “ناوبراو سەرپەرشتى باندێکى گەورەى هاوردەکردن و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکانى دەکرد و بە دەستگیرکردنى ئەم بازرگانە، ماددەى هۆشبەر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە شێوەىەکی بەرچاو ڕوو لە کەم بوون دەکات”.