پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا بە لێخۆشبونی گومرگی و پێدانی تابلۆی كشتوكاڵی بەخۆڕایی بۆ ئامێری كشتوكاڵی.
حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “لەسەر داوای جوتیاران و پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و هاندانی جوتیاران، بۆیەكەمجارە لێخۆشبونی گومرگی بۆ ئەو كۆمپانیا و خاوەن پرۆژانە دەكرێت كە ئامێرەكانی كشتوكاڵی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن”.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ وتیشی “جوتیاران بە شێوەی قیستی درێژخایەن و پێشەكی كەم دەتوانن ئامێری كشتوكاڵی هاوردە بكەن، ئەو بڕیارەش كاریگەری لەسەر زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆی دەبێت، لەلایەكی دیكەوە هەلی كار بۆ ژمارەیەكی زۆر لە دەرچوان و گەنجان دەڕەخسێت”.
بەوتەی حسێن حەمە كەریم، رسوماتی تابلۆی كشتوكاڵی وەرناگیرێت بۆ ئامێرەكانی پێشكەوتوی كشتوكاڵی ئەوەش دەرفەتێكە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی بەروبومە كشتوكاڵیەكان و هاندانی جوتیاران بۆ بەكارهێنانی تەكنەلۆژیایی نوێ لە ڕێگای میكانیزمێكی پەسندكراوی هەر سێ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابوریە كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جێبەجێدەكرێت.