پۆڵەتیك پرێس:
چالاكانی سیاسی كورد وەڵامی لێدوانەكانی مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دەدەنەوە لە بارەی رەوشی هەرێمی كوردستانەوە و كاریگەری و هەژموونی پەكەكە لەسەری.
نەورۆز فازیل، چالاكی سیاسی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بیركردنەوەی كۆی سیاسەتی كەمالیستی شۆفێنیانە و داگیركارانە و پاكتاوكردنی كوردانە، لەم ڕوانگەیەوە بەرپرسانی توركیا لێدوان دەدەن.
وتیشی: ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان زەمینەی داگیركاری خۆشكراوە بۆ توركیا لە لایەن پارتی دیموكراتەوە و بە بێ دەنگی حیزبە كلاسیكەكانەوە، بۆیە وەزیری دەرەوەی توركیا باشوری كوردستان بە هی خۆی دەزانێت .
ئاماژەی بەوەشكرد، دیارە شكستی توركیا لە خواستە داگیركارییەكانیدا بۆسەر باشور لەلایەن پەكەكەوە تێكشكێنراوە ، سلێمانی ئیرادەیەكی یاخی و هێزی بەرەنگاری هەیە لەگەڵ داگیركەردا، هەرچەندە جەماوەر لەژێر فشاری حیزبدا كەمێك بێدەنگ كراوە، بەڵام ڕۆحی بەرخودان و ئاوێتە بوونی بە شۆڕشی پەكەكە بونێكی ڕاستە قینەیە، بۆیە توركیا لێدوانی لەوشێوەیە دەدات.
رونیشیكردەوە، هەولێر لەژێر كاریگەری تۆقاندن و لێدان و نان بڕین وگرتن و كوشتن و هەڕەشەدا هاوڵاتیان ترسێنراون، ئەم سەركوتكارییە زەمینەی خۆشكردووە بۆ داگیركردنی هەولێرو دهۆك ، بەڵام ئەمە خواستی جەماوەر نییە.
وەزیری دەرەوەی توركیا دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: پەكەكە سلێمانی داگیركردووە و بەنیازی داگیركردنی هەولێریشە.
ئەم لێدوانەی ئۆغلۆ كاردانەوەی لێكەوتەوە و لەوبارەیەوە مامۆستا ئیبراهیم چالاكی سیاسی دەڵێت: سلێمانی داگیرنەكراوە لەلایەن پەكەكەوە، سلێمانی شاری ئازادیخوازان و دیموكراتیخوازو ئاشتیخوازانە، ئەوە هەولێرو دهۆك و بادینانە لەلایەن لەشكری توركیاوە داگیركراوە .
وتیشی : ئەوەی گوندەكان چۆڵ و وێران دەكات و ڕەزو باخ و دارستانی شاخەكان دەسوتێنێت، ژیانی سروشتی زیندەوەران تێك دەدات، تۆپ و فڕۆكەی توركیایە.
دەشڵێت: بەهۆی سیاسەتە چەوتە ئابوری و سیاسی و سەربازییەكانیان. بارودۆخی ئابوری، كۆمەڵایەتی سیاسی، دیبلۆماسی توركیا تێكچووە ، خەڵك لەگوزەرانێكی خراپ دایە، بەملیۆنان مرۆڤ بێ كارو هەژارو قەرزداری بانكەكانن لیرەی توركی بەدرێژایی مێژووی خۆی هێندە نرخی دانەبەزییە .
ئاماژە بەوەش دەكات، لەكاتێكدا توركیایان خستۆتە ناوشەڕێكی گەورەی سەربازی و ئابوری و سیاسی و دبلوماسیو لەهەر هەموویشیدا دۆڕاون حەفتانین و لیبیا نمونەكەیەتی و لەسوریاش درەنگ یان زوو تێك دەشكێت.
ئەمە بۆ چەند جارێكە گەورە كاربەدەستانی توركیا باسی هەژموونی پەكەكە دەكەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
ئۆغلۆ لە لێدوانەكەیدا باسی لە زیانەكانی پەكەكە كرد بۆ كورد لە هەرێمی كوردستان و لە قسەكانیشیدا پشتی بەست بە لێدوانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم كە گوایە پەكەكە زیانی بە كورد گەیاندووە لە هەرێمی كوردستان.