گۆڕینی حەلبوسی.. سوننەكان روو لەكورد دەكەن

پۆڵەتیك پرێس:
بەرەی سوننەی عێراقی، كە هاوپەیمانییەكی ناو پەرلەمانی عێراقە، هەوڵ دەدات لایەنە كوردییەكان رازی بكەن، كە رازی بن بەسەندنەوەی متمانە لەمحەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

هەوڵەكەی بەرەی سوننەی عێراقی لەكاتێكدایە، لەماوەی رابردوو لەگەڵ لایەنە شیعییەكان رێككەوتن، بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ محەمەد حەلبوسی لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان دووربخنەوە.

بەرەی سوننە لە 35 ئەندام پەرلەمانی سوننە پێكدێت‌و ناڕازین بەكارو هەڵوێستەكانی محەمەد حەلبوسی، بۆیە دەیانەوێت لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان دووری بخنەوەو بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە.

لەو بارەوە محەمەد خالیدی، وتەبێژی بەرەی سوننی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەرەی سوننی لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هێزە كوردییەكانی پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی بۆ گۆڕینی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە.

خالیدی راشیگەیاند، بەهۆی سیاسەتەكانی حەلبوسی پەرلەمان بووەتە دەزگایەكی مردوو، ئاماژەكان هەن، كە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ساختەكاری زۆر بكرێت‌و پەرلەمانیش تائێستا لەو بارەوە رێكاری نەگرتووەتە بەر، بۆیە گرنگە گۆڕانكاری لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكرێت.

وتەبێژەكەی هاوپەیمانی بەرەی سوننی، ئاماژەی بەوەش كرد، بەرەكەیان كۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا كردووە، كە گفتوگۆكانیش گەیشتووەتە قۆناغی پێشكەوتوو بۆ گۆڕینی سەرۆكی دەسەڵاتی یاسادانان، هەروەها رایگەیاند، لایەنە شیعییەكان بەگۆڕینی حەلبوسی رازین‌و بۆ ئەوەش رێككەوتن كراوە.

بەپێی رێككەوتنە سیاسییەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی لایەنە سوننییەكانی عێراقەو تائێستا دیاریش نییە، دوای حەلبوسی ئەگەر لەپۆستەكەی دووربخرێتەوە، كێ‌ شوێنی دەگرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا