دەستی مستەفا كازمی بەسراوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لە راپۆرتێكی میدیا عێراقییەكاندا باس لەوە كراوە، ئەگەر هەموو بابەتەكان لەدەستی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا بووایە، پڕۆژەیاسای قەرزی بەئارەزووی مەسعود بارزانی و حكومەتی هەرێم جێبەجێدەكرا، بەتایبەت لەدوای ئەوەی پەرلەمانتارە شیعە و سوننەكانی بەوە تۆمەتبار كرد، كە لە پشتەوە رەخنە لەهاوپەیمانە كوردەكەی دەگرن.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر مێژووی مستەفا كازمی دەزانین كەسێكی بەوەفایە و ئەو كەسانە لەبیرناكات لە رابردوودا رێزیان لێگرتووە و رزگاریان كردووەو لە برسێتیدا تێریان كردووە و لە ترس پاراستوویانە و لەبەهەشتە بەرینە كوردستانییەكەدا نیشتەجێیان كردووە، بەڵام چاو و دەستی كازمی لەبەرانبەر ویستی باڵیۆزی ئێران و میلیشیا شیعە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا و لایەنە سوننییەكان بەستراوە.

دەستی كازمی لەبەرانبەر ویستی باڵیۆزی ئێران و میلیشیا شیعە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا و لایەنە سوننییەكان بەستراوە

بازرانی پەرلەمانتارە شیعە و سوننەكانی پەرلەمانی ناوەند بەوە تۆمەتبار دەكات، جارێكی دیكە لەپشت گەلی كوردەوە خەنجەریان وەشاندووەو دەشڵێت: ئەو یاسایەی عێراق كاری پێدەكات بەبێ رەچاوكردنی هاوبەشی و رێككەوتنەكانی، پێمانوایە سیاسەتی فشاركردنە بۆ سەر هەرێم لەپێناو سزادانی گەلەكەمان.

ئەوە بوو دواتر، سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت داوایان كرد لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەبەغدا كۆبوونەوە ئەنجامبدەن تا بەیەكەوە لەبارەی ئەم بابەتە بگەن بەبڕیارێكی هاوبەش و داواشیان كرد بڕیارێك بدەن لەسەر ئاستی بەرپرسیارییان بێت بەجۆرێك كێشەكە چارەسەر بكات و شكۆی گەلی كورد بپارێزێت و سنورێك دابنێت بۆ ئەو سیاسەت و رەفتارانەی ئامانجیان سزادانی گەلی كوردە.

هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە، پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە، ئایا هیچ كام لەسەركردایەتی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دەتوانن بڕیاری لابردنی ئەو هاوپەیمانانە بدەن، كە لەپشتەوە خەنجەریان لێداون و دواتر پشت بەخۆیان ببەستن‌و لەسەر سەرچاوەكانی خۆیان سەربەخۆیی رابگەیەنن؟

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، لە ٦ی ئایاری ساڵی ٢٠١٦ مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی، كە لەو كاتەدا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو، بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی راگەیاند، كوردەكان لە رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠١٦ەوە هاووڵاتی عێراقی نین، ئەوەشی خستەڕوو، تاكە چارەسەر ئەوەیە لەعێراق جیابینەوە، پێكەوەژیانی زۆرەملێ لە عێراق بێسوودە بەتایبەت، كە وڵاتێكە لە هەموو شتێكدا شكستیهێناوە.

لە ساڵی ٢٠١٧دا، مەسعود بارزانی، كە ئەوكات سەرۆكی ماوەدرێژكراوەی هەرێمی كوردستان بوو، فشارە نێودەوڵەتییەكانی بۆ دواخستنی ریفراندۆم رەتكردەوە و سووربوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ‌و ئەوەش بەجۆرێك لەیاریكردن بەئاگر وەسفكرا.

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هەرێمی كوردستان شێوە سەربەخۆییەكی خۆی هەبوو

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هەرێمی كوردستان شێوە سەربەخۆییەكی خۆی هەبوو، بەڵام هیچ كاتێك لەهەموو روویەك رێگا بۆ سەربەخۆیی خۆش نەكرابوو، هەرچەندە حكومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠١٣ دا دەستیكرد بەهەناردەكردنی نەوتەكەی بەشێوەی سەربەخۆ، بەڵام نەیتوانی ژێرخانێكی باش بۆ ئابوورییەكی بەهێز دامەزرێنێت.

لە ئێستادا هەرێمی كوردستان، بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت‌و فەرمانبەران و موچەخۆرانیش بەدەست خراپی و دواكەوتن و لێبڕینی موچەكانیان دۆخیان رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەچێت.

رۆژی ١٥ی ئابی ئەمساڵ هەرێم و بەغدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی مانگانە بەغدا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام پەسەندكردنی پرۆژە یاسای قەرز بووەتە هۆكاری ئەوەی نەزانرێت ئایا حكومەتی عێراق دەتوانێت بێ لەبەرچاوگرتنی بڕگەو مادەكانی پرۆژە یاسای قەرز، ٣٢٠ ملیاری دیكە بۆ هەرێم بنێرێت، یاخود نا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا