پۆڵەتیك پرێس:
سندوقی نیشتەجێبوون قەرزی 75 ملیۆن دیناری دەداتە ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەن.
زیا مەجید عەبدوڵڵا، سەرۆكی سندوقی نیشتەجێبوون لەبەغدا رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بەپێدانی قەرزی بێ سوود بەهاووڵاتیان رێنمایمان بۆ هاتووە دەست بەپێدانی قەرز بكەین.
زیا مەجید عەبدوڵڵا راشیگەیاند، لەهەفتەی داهاتووەوە دەست بەپرۆسەكە دەكەنو ئێستاش سەرقاڵی ئامادەكردنی میكانیزمێكن بۆ دابەشكردنی قەرزەكە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ماوەی پێشوو بڕیاریدا، كە قەرز بداتە ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەن.
بەپێی بڕیارەكە، ئەو هاووڵاتیانەی لەناو شارەكان یەكەی نیشتەجێبوون دروست دەكەن، قەرزێكی 75 ملیۆن دیناریو ئەوانەشی لەدەرەوەی شارەكان یەكەی نیشتەجێبوون دروست دەكەن، قەرزی 50 ملیۆن دینارییان پێدەدرێت.