پۆڵەتیك پرێس
پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی دەدات.
محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممە چواری ئازار پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوەو كۆبونەوەكەش تایبەت دەبێت بە گفتوگۆو دەنگدان لەسەر یاسای دادگای فیدڕاڵی كە چەندین ساڵە چاوەڕێ دەكرێت لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.
پێشتریش حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان چەند بژاردەیەكی بۆ تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵی گەڵاڵە كرد.
لە ماوەی رابردودا پەرلەمانی عێراق چەندجارێك دانیشتنی لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكە ئەنجامداوە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە تێپەڕێت.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، بەهۆی لەدەستدانی رێژەی یاسایی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵییەوە، كە بەرزترین دەستەی یاساییە لە عێراقداو تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كێشە یاساییەكانی نێوان دەسەڵاتەكان و پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ئێستا گرفتی یاسایی و دەستووریی بۆ عێراق دروستبووە.
هاوكات، تێپەڕاندنی پرۆژە یاساكە بەیەكێك لە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دادەنرێت، چونكە هێشتا رێككەوتنی كۆتایی لەبارەیەوە نەكراوە، هاوكات تا پرۆژە یاساكە پەسەند نەكرێت ناتوانرێت رێژەی یاسایی ئەندامانی دادگاكە پڕبكرێتەوە، بەوەش ناتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت، چونكە هیچ دادگایەكی دیكە بە فەرمی دان بە ئەنجامەكەیدا نانێت.