هەوڵەكان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بەردەوامن

پۆڵەتیك پرێس

هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق جموجوڵی بەرپرسان و لایەنە سیاسییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوەو لە ئاستی باڵادا كار بۆ ئەوە دەكرێت پەلە بكرێت لە زوو هەمواركردنەوەی یاساكەدا.

لەماوەی رابردودا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی كردو پرسی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی لەگەڵ بەرپرسانی كورد باسكرد، پێشتریش لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان بۆ هەمان پرس گفتوگۆی لەگەڵ كردوون.

هاوكات رۆژی 10ی ئەیلول مستەفا كازمی سەردانی هەرێمی كردو بەپێی زانیارییەكان یەكێك لەو پرسانەی لەگەڵ كورد تاوتوێی دەكات بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان كە دەوترێت خواستی كازمی بەوجۆرەیە یاساكە بەئامانجی جێگیركردنی سیستمی فرە بازنەیی پەسەند بكرێت.

لەلایەكی دیكەوە بەشێك لەلایەنە كوردییەكان بەتایبەتی پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنەكان بەشێوەی یەك بازنەیی بێت، بۆ ئەو پرسەش شاندێكی ناردە بەغدا.

ئێستا بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بەشێوەی نیمەچەكراوەیە واتە هەر پارێزگایەك یەك بازنەیەو دانیشتوانی پارێزگاكە دەتوانن دەنگی بەكاندیدەكانی بدەن، بەڵام ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئەو یاسایە هەمواربكرێتەوە بەجۆرێك لە نیمچە بازنەییەوە بكرێت بەفرە بازنەیی واتە ئەوكات قەزاكانیش هاوشێوەی پارێزگاكان دەبنە بازنەیەكی سەربەخۆو كاندیدی خۆیان دەبێت، بەڵام ئەم هەوڵە بۆچوونی جیاواز لەبارەیەوە هەیە.

كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق مانگی ئابی رابردوو بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی 2021ـدا بەڕێوەبچێت، بەڵام هێشتا نازانرێت میكانیزمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بەشێوەی نیمچە بازنەیی دەمێنێتەوە، یاخود دەبێتە فرە بازنەیی.

لەلایەكی دیكەوە بەشێك لەلایەنە كوردییەكان بەتایبەتی پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنەكان بەشێوەی یەك بازنەیی بێت، بۆ ئەو پرسەش شاندێكی ناردە بەغدا

محەمەد فارس پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەك فراكسیۆنی پارتی پێشتریش دەنگیان بە یاساكە نەداوە لەسەر سیستمی فرە بازنەیی و بازنەی بچوك، دوایانكردووە عێراق هەمووی یەك بازنەبێت، یاخود هیچ نەبێت هەر پارێزگایەك یەك بازنەبێت.

وتیشی، “لە ئێستادا كە فراكسیۆنەكان رێككەوتوون لەسەر پەیڕەوكردنی بازنەی بچوك بۆ هەڵبژاردن، پێویستە دانوستان بكرێت، لەسەر شێوەی بازنەكان”.

هەركاتێك هەمواركردنەوەی یاساكە دێتە پێشەوە بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان وادایدەڕێژن بەشێك لە بەرژەوەندییەكانی خۆیانی تێدابێت

بەوتەی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، یەك بازنەی هەڵبژاردن گرنگیەكەی ئەوەیە كە هاوڵاتیەكی كورد لە بەغدا یان هەر پارێزگایەكی دیكەی عێراق مافی ئەوەی دەبێت دەنگ بەكاندیدی خۆی بدات، چونكە بە فرەبازنەیی ئازاد نابێت لە هەڵبژاردنی نوێنەرەكەی خۆی.

چێنەر عەلی جۆڵا، چاودێری سیاسی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەركاتێك هەمواركردنەوەی یاساكە دێتە پێشەوە بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان وادایدەڕێژن بەشێك لە بەرژەوەندییەكانی خۆیانی تێدابێت، ئەو هەوڵانەی ئێستاش هەیە بۆ دەستكاریكردنی سیستمی هەڵبژاردن لە یەك بازنەی بۆ چەند بازنەیەكی بچوك، ئامانجەكەی ئەوەیە چانسی زیاتر بەتاك بدات بۆ ئەوەی نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت.

دەشڵێت، “ئەو سیستمەش كێشەو گرفتی خۆی هەیە، یەكێك لەگرفتەكان ئەوەیە كە ئایا تاك توانای هەیە ئەو جۆرە ململانێیە بەڕێوەبەرێت، چونكە لە عێراقدا حزبە سیاسییەكان دەوری باڵایان لەناردنی نوێنەر بۆناو پەرلەمانی عێراق هەیە، واتە پرۆسەكە گۆرانكاریەكی ئەوتۆ ناكات كە تاك بە شێوەی فەرد خۆی هەڵبژێرێت بەڵكو لەلایەن حزبەكانەوە دیاریدەكرێت”.

چێنەر عەلی جۆڵا ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەندێك لایەنەوە یەك بازنەیی سودی بۆ كورد هەیە، بەتایبەت لەناوچە كێشە لەسەرەكان بەنمونە لەچەند هەڵبژاردنی رابردودا لەكەركوك لیستی یەكەم لیستی پێكهاتەی كوردی بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا