پۆڵه‌تیك پرێس:
ڕۆژنامه‌ی وۆڵ‌ستریت جۆرناڵ-ی ئه‌مریكی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی هه‌ڵكشانی گرژییه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له عێراق بڵاوكرده‌وه.
ڕۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه له ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردووه، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و ئه‌مریكا هۆشدارییان داوه‌ته میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران، كه هیچ هێرشێك بۆسه‌ر دیبلۆماتكار و هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق ئه‌نجامنه‌ده‌ن.
وۆڵ‌ستریت جۆرناڵ باسی له‌وه‌شكردووه، هه‌ر هێرشێكی ئێران له یادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و خێرای ئه‌مریكای لێده‌كه‌وێته‌وه.
ڕۆژی چوارشه‌ممه فرانك ماككێنزی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕایگه‌یاند، پێویست ناكات كه‌س له‌توانای به‌رگری و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌مبكاته‌وه”.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌رپرسێكی ئه‌مریكی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێك ئاماژه‌یان به‌دیكردووه كه نیشانیده‌دات ئێران به‌نیازی ئه‌نجامدانی هێرشه.
ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مریكییه كه داوایكردووه ناوه‌كه‌ی بڵاونه‌كرێته‌وه به تۆڕی هه‌واڵی “ئێن بی سی” وتووه “ئاماژه‌كانی هێرشی ئێران بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و سوپای ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌دیاركه‌وتوون.
ڕۆژی 3ـی كانونی دووه‌م یه‌كه‌م ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسه، ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌كات، ئه‌مریكاش هۆشداریده‌دات له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توندی ئێران له‌حاڵه‌تی هێرش بۆسه‌ر ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی.