بارانبارین ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخانی بەجێگیری هێشتووەتەوە

پۆڵەتیك پرێس
بەهۆی باران بارینەوە بڕێكی كەم داهاتی ئاو لەبەنداوی دەربەندیخان زیاد بووە، ئەگەرچی ئاستی ئاوی بەنداوەكە بەرزنەبووەتەوە، بەڵام دابەزینی راگرتووە.

رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بەهۆی بارانبارینەوە بڕێكی كەم داهاتی ئاو زیادبووە هەرچەندە ئاستی ئاو بەرزنەبووەتەوە، بەڵام دابەزینی راگرتووە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وتیشی: بەهۆی ئەوەی هێشتا سەرەتای بارانبارینەو لە دیوی ئێرانیش لەبەربوونی ژمارەیەك بەنداو لەسەر رووباری سیروان ئەو بارانەی دەبارێت لەو بەنداوانەدا گلدەدرێتەوە، بۆیە ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان بەرزنەبووەتەوە.

چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بەفرو باران رووی لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان كردووەو ئەو شەپۆلەش بۆ چەند رۆژێكی تر بەردەوام دەبێت، كە ئەوە رێژەی بارانبارینی بەرزكردووەتەوە.

هەروەها سەلام نەجیم محمد بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: باران بارینی چەند رۆژی رابردوو، كاریگەری نەبووە لەسەر زیادبوونی ئاستی ئاو لە بەنداوی دوكان، بەڵام دابەزینی ئاستی ئاوی راگرتووە، پێشتر رۆژانە 1 سم یان 2 سم ئاوەكە دادەبەزی ئەمڕۆ شەممە ئەو دابەزینە تۆمارنەكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا