مستەفا چاوڕەش: شەڕی كورد و كورد ماڵوێرانی دەهێنێت

پۆڵەتیك پرێس:
مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت: كەس لەشەڕی كوردو كورد سەركەوتوو نەبووە، پێویستە هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن.

مستەفا چاوڕەش، دەشڵێت: شەڕی كورد و كورد ماڵوێرانی بۆ كورد دەهێنێت، كاتی خۆی رێككەوتنی واشنتۆن كرا لە سەر دەستی مام جەلال و مەسعود بارزانی، كە ئیتر خوێنی كورد بە دەستی كورد نەڕێژرێت.

ئەو قسانەی مستەفا چاوڕەش، كە هاوكات فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەی كوردستانە لەمیانی لێدوانێكی تایبەت بوو بۆ پۆڵەتیك پرێس، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەكانی نێوان پارتی دیموكرات‌و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی وت: هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكان دانیشین گفتوگۆ بكەن‌و چارەسەری كێشەكانیان بكەن، چونكە خەڵك دڵی پێی خۆش نییە كێشەو ئاڵۆزی هەبێت، خەڵك خۆی لە ئێستادا لە بارودۆخێكە، موچە نییە، بێزارە.

باسی لەوەش كرد، كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیاری گەورەیان لەسەر شانەو وتیشی: پێویستە پارتی و پەكەكە لەسەر مێزی گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، پەكەكەش دەبێت تەقدیری ئێستای بارودۆخی هەرێم بگرێت و دەستی توركیا رانەكێشێت بۆ هەرێم.

ماوەیەكە گرژییەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكە رووی لەزیادبوون كردووەو ئەو گرژییانەش ئەگەری شەڕی ناوخۆی لێدەكرێت، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا