فراكسیۆنی گۆڕان داوای كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ له‌هه‌رێم ده‌كات

پۆڵه‌تیك پرێس:
فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی ئێستا هه‌رێم هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌یه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فراكسیۆنه‌كه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌، “پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین و خۆپیشاندانی مەدەنی بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی توڕە و بەشخوراوی کوردستان دەزانین بەرامبەر بەو هەمو ناحەقی و غەدر و زوڵمەی دەسەڵات لە هەرێمدا دژی خەڵک و موچەخۆران دەیکات”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، “هۆشداریی پێشوەختەی ئێمە بە بریاربەدەستانی گۆڕان بۆ كشانەوەیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکاری هەرێم بێ سود بو، بە پێچەوانەوە دەبینین ئێستا تۆختر رو لە پۆست و دەسەڵاتن، لە جیاتیی روکردنە شەقام دڵخۆشن بە هاوڕیزییان لەگەڵ دو حزبە تەقلیدیەکەی دەسەڵات. بەمەش هێندەیتر لە پرەنسیپەکانی گۆڕان و سەرەتا فکرییەکانیی دور دەکەونەوە، چونکە شوینی راستەقینەی گۆڕان ناو خەڵکە نەک پاشکۆیەتیی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو”.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عێراق:

چارەسەر ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە لەهەرێم ئەنجامبدرێت
راگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-ەوە.
فراکسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی شەقامی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتی، لە شاری بەغدا کۆبوەوە و ئەم چەند خاڵەی خوارەوەی راگەیاند:
یەک: پشتیوانیی بێ چەندوچونی خۆپیشاندەران دەکەین و خۆپیشاندانی مەدەنی بە مافێکی سەرەتایی خەڵکی توڕە و بەشخوراوی کوردستان دەزانین بەرامبەر بەو هەمو ناحەقی و غەدر و زوڵمەی دەسەڵات لە هەرێمدا دژی خەڵک و موچەخۆران دەیکات.
دوو: وەک فراکسێۆنی گۆڕان هەمو رێگا یاسایی و توانا پەرلەمانیەکانمان بۆ پشتیوانیی فەرمانبەرانی هەرێم دەخەینە گەڕ و کار دەکەین بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەی ۲٠۲۱ دا موچەی فەرمانبەران بێلایەن بکەین لەو کێشانەی لە نێوان هەردو دەسەڵاتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە. بەوپەڕی راشکاوییەوە دژی ناشەفافیەتی دەسەڵاتی هەرێم و خەمساردیی حکومەتی فیدراڵ دەوەستینەوە سەبارەت بە دابیننەکردنی موچەی فەرمانبەران.
سێ: هۆشداریی پێشوەختەی ئێمە بە بریاربەدەستانی گۆڕان بۆ كشانەوەیان لە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرکوتکاری هەرێم بێ سود بو، بە پێچەوانەوە دەبینین ئێستا تۆختر رو لە پۆست و دەسەڵاتن، لە جیاتیی روکردنە شەقام دڵخۆشن بە هاوڕیزییان لەگەڵ دو حزبە تەقلیدیەکەی دەسەڵات. بەمەش هێندەیتر لە پرەنسیپەکانی گۆڕان و سەرەتا فکرییەکانیی دور دەکەونەوە، چونکە شوینی راستەقینەی گۆڕان ناو خەڵکە نەک پاشکۆیەتیی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو.
چوار: پەنابردن بۆ چارەسەری ئەمنی و پۆلیسی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و لاساییکردنەوەی پارتی لە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی مامۆستا و رۆژنامەنوس و چالاکوانانی مەدەنی و داخستنی دەزگای میدیایی، نەک چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو توڕەیی خەڵک زیاتر دەکات.
پێنج: بە دیدی ئێمە رەوایەتیی تەواو لای شەقامە و شەرعیەت و مەشروعیەت لای دەنگی خەڵکە، ئەوەی ناوی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمە بەهەمو پێوەرێک شکستی خواردوە، چارەسەر ئەوەیە ئەم کابینەیە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەنجامبدرێت.
بەغدا
۷ی دێسەمبەری ۲٠۲٠

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا