پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 30 نیسانی 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە وەکالەت و جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، باڵیۆزی بەریتانیا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە پرسیاری لە جێگری سەرۆک وەزیران کرد و لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی، جەختی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و رایگەیاند: دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرا کە چەند رۆژێک پێش ئێستا کرایە ئامانج، جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: بەردەوامبوونی ئەمجۆرە هێرشانە زیان بە سەقامگیریی عیراق و کوردستان دەگەیەنێت.
وتیشی: لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە عیراقییەکان لەسەر خەتین بۆ دۆزینەوەی جێبەجێکارانی ئەو کردەوەیە و کاریش لەسەر کۆتاییهێنان بەم جۆرە هێرشانە دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و عیراق کرا و جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی سیاسی کرایەوە لەڕێی گفتوگۆوە.