پۆڵەتیك پرێس
لەچوارچێوەی رێككەوتنی لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق، لەسەرەتای مانگی داهاتوو هەردوولا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی داعش لە سنوری دیالە ئەنجام دەدەن، لە ئێستاشەوە وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی ناوەند دەستیان بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ دامەزراندنی دوو ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە هەولێر و بەغدا.
لیوا قارەمان كەمال جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەكان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بڕیاردراوە لەسەرەتای مانگی داهاتوو ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە هەولێر و بەغدا دابمەزرێت، ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی دیاریكردنی ئەفسەرە بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەكان هاوكات حكومەتی ناوەندیش سەرقاڵی ئەوەیە كێً دابنێت بۆ ئەو ژوورانە.
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەكان وتی: یەكەم ناوچە كاری تێدا دەكەین ناوچەی دیالەیە، كە خۆی لە سنوری خانەقین تا خوار كفری و سلێمان بەگ دەگرێتەوە، لەم هەفتەیەدا دەست دەكرێت بە گەڕان و پشكنین بۆئەوەی بزانرێت لەچ جێگایەكی ئەو سنوورە هێز دابنرێت.
لیوا قارەمان كەمال باسی لەوەشكرد هەموو ئۆپەراسیۆنێك كە جێبەجێدەكرێت بە ئاگاداری هاوپەیمانان لە شەڕ دژی داعش دەبێتو ئەوەشی خستە ڕوو، داعش لەدوای رووخانی ویلایەتەكەی هیچ ناوچەیەكی دیاری كراوی بە دەستەوە نەماوە و شەڕی پارتیزانی دەكات و سودی لەو بۆشاییە وەرگرتووە كە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقداهەیە كە بریتیە لە نزیكەی 50 بۆ 60 كم چوارگۆشە و لەسنوری دەسەڵاتی سوپای عێراقیدا هێرشەكانی ئەنجام دەدات نەك سنوری هێزی پێشمەرگە.
رۆژی 13ی تشرینی یەكەمی 2020، لیژنەی باڵای هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن، لەوانە كردنەوەی دوو ژووری سەرەكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە هەولێر و بەغدا و چوار ژووری لاوەكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دیالە و كەركوك و مەخمور و موسڵ.