په‌رله‌مانتارێك: هاتنی وه‌زیری دارایی بۆ په‌رله‌مان له‌جێگه‌ی پرساندن نییه‌

پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “هاتنی وه‌زیری دارایی بۆ په‌له‌مان په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ دواخستنی پرسی پرساندن”.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و له‌باره‌ی پرسی موچه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ڕایگه‌یاند، “هاتنی وه‌زیری دارایی بۆ په‌له‌مان په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ دواخستنی پرسی پرساندن به‌ڵكو، وه‌زیری دارایی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی كۆ ده‌بێته‌وه‌، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌و 23 په‌له‌مانتاره‌ی داوای پرساندنی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یمان كردووه‌، له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی خۆمان به‌رده‌وامین”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كاتەكە تا ئێستا ئاساییە و لە چوارچێوەی بڕگەكانی ماددەی (68) واتە ئەو رۆژەی داواكارییەكەی ئێمە دەگاتە حكومەت، حكومەت بۆی هەیە لە ماوەی حه‌وت رۆژدا وەڵام بداتەوە بۆ دەستنیشانكردنی وادەی كۆبونەوەكه‌”.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت:”ئەگەر حكومەت نەیتوانی لەو ماوەیەی كە دیاریكراوە ئامادە بێت، ئەوا مافی ئەوەی هەیە كە داوابكات كاتەكەی درێژبكرێتەوە بۆ ئەوەی خۆی ئامادەبكات بۆ پرساندنەكە بە مەرجێك لە 14 رۆژ تێ نەپەرێت”.

گوڵپی باسی له‌وه‌شكرد:”داواكەی ئێمە بۆ پرساندنە پرساندن قۆناغێكی لە پێشتری چاودێری كارەكانی حكومەتە، وە دەكرێت سەربكێشێ بۆ بابەتی وەرگرتنەوەی متمانە بە تایبەت لە ئێستادا رۆژ بە رۆژ حكومەت لاوازتر دەردەكەوێت، دەستە وەستانە لەبەردەم قەیران و گرفتەكاندا، داواكەی ئێمە رۆژ بە رۆژ گرنگی زیاتر دەكەوێت، بۆیە هیوادارم پەرلەمانتارانی دیكەش لەگەڵمان بن بۆ ئەم پرسە گرنگە”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک