پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە شاری كەركوك رایگەیاند: مامۆستایانی كوردی كەركوك داوا دەكەن مووچەیان بخرێتە سەر حكومەتی عێراق، بەڵام بەغدا رەزامەندی دەرنابڕێت لەسەر ئەو داوایە.
سەردار رەشید كاكە عەبدوڵا، بەڕێوبەری خوێندنی كوردی لەشاری كەركوك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: گواستنەوەی موچەی مامۆستایان بۆ عێراق كێشەیەكی دوولایەنەیە، ئەبێت داواكاری بەرزبكەینەوە بۆ حكومەتی هەرێم بۆ گواستنەوەی موچەی ئەو مامۆستایانە بۆ سەرحكومەتی عێراق لەسەر داواكاری خۆیان بەڵام حكومەتی عێراق رەزامەند نیە.
وتیشی:”هەر لەسەرەتاوە كاتێك ژمارەمان 300 مامۆستا بوو لەسەر میلاكی هەرێم، عێراق رازی نەبوو بگەڕێینەوە سەر میلاكیان لەبەرئەوە ئەگەر حكومەتی هەرێمیش رازی بێت بەغدا ڕێگری دەكات لەسەر گواستنەوەی موچەی مامۆستایان بۆ بەغدا و هۆكاری ئەو داواكارییانەی مامۆستایان تەنها ئەوەیە كە مووچەیان لێبڕاوە یاخود كیشەیان لەگەڵ دواكەوتنی موچە هەیە.
سەبارەت بە رەوشی خوێندنی كوردی لەشاری كەركوك وتی:” رۆژی چوارشەممە ئەنجامی تاقیكردنەوەكان راگەیەندرا پڕوپاگەندەی ئەوە هەبوو كە خوێندنی كوردی بەرەو دواوە ئەچێت و كێشە لە پرسیارەكاندا هەبووە، بەڵام ئێمە بە هۆی ئەوەی پرۆگراممان هەمان پرۆگرامی هەرێمی كوردستانە تەنها تاقیكردنەوەكانمان لە لایەن بەغداوە سەرپەرشتی دەكرێت ئەوان وایان كردبوو هەڵە لە پرسیارەكانمان هەبێت، لەبەرئەوەی هەڵەكە لە عێراقەوە بوو بۆیە سەرجەم ئەو پرسیارانەی كە هەڵە بوون بە نمرەی تەواو بۆ خوێندكاران هەژماركرا.
بەڕێوبەری خوێندنی كوردی لە شاری كەركوك ئەوەی خستە روو: خوێندكارانی قوتابخانە كوردییەكان پێشەنگی شاری كەركوك بوون، وە لەسەر ئاستی كەركوك دوو خوێندكارمان یەكەمی كەركوكن، وە 170 خوێندكارمان بە هۆی بەرزی نمرەكانیان لە كۆلێژە پزیشكییەكان وەردەگیرێن.
نزیكەی 7 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردە لە شاری كەركوك كە مووچەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەدرێت داوا دەكەن میلاكاتیان بخرێتە سەر حكومەتی عێراق.