“توركیا ناهێڵێت پارتی بگەڕێتەوە بۆ كەركوك”

پۆڵەتیك پرێس

لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی دەڵێت: توركیا ناهێڵێت پارتی بگەڕێتەوە بۆ كەركوك، چونكە ئەو وڵاتە بە هێزبوونی كورد لە كەركوك بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، ئەو فشارەی لەلایەن توركیاوە لەسەر پارتییە لەسەری نەمێنێت دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك.

محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی، لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی راڤەی پۆڵەتیك لە رادیۆی پۆڵەتیك رایگەیاند: كەسمان بەو بارودۆخەی لە كەركوك روودەدات خۆشحاڵ نین و پێمان ناخۆشە، لەوە ناخۆشتر ئەوەیە ئەم شارە جێ‌ بهێڵیت و دانیشتووانەكەی گورگان خواردووبكەیت و لەگەڵیان نەمێنیتەوە، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە ماكینەیەكی میدیایی گەورە بخەیتە كار بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناو دانیشتووانی شاری كەركوك ئەمە ئەو سیاسەتەی ئێستا پارتیە بەرامبەر كەركوك پەیڕەوی دەكات.

لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی وتی: پارتی كە دەڵێت كەركوك داگیركراوە ئەی موسڵ چییە ، خۆ هەردووكیان یەك حكومەت و یەك دەسەڵات و سوپا بەڕێوەیان دەبات، حەشدی شەعبییەكەی موسڵ هەر ئەوەی كەركوكە، ئەو سوپای لە موسڵ هەیە، هەمان سوپایە لە كەركوك، بۆچی دەچێت لە موسڵ رێككەوتنیان لەگەڵ دەكات، جیاوازی نێوان كەركوك و موسڵ چییە بۆچی موسڵ ئازادكراوە بەڵام كەركوك داگیركراوە.

وتیشی: توركیا ناهێڵێت پارتی بگەڕێتەوە بۆ چونكە بەهێزبوونی كورد لە كەركوك بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، ئەو فشارەی لەلایەن توركیاوە لەسەر پارتییە لەسەری نەمێنێت بێگومان پارتی دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا