مەكتەبی سیاسی پارتی لەسەر تەقەكانی لقی 12 هاتە دەنگ

پۆڵەتیک پرێس

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات لەسەر تەقەكانی شەوی رابردووی سەر لقی 12 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتە و دەستگیرنەكردنی تاوانباران دەبێتە هاندەری خەڵكی دیكەش لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم بۆ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان و بێ‌ حورمەتی كردن بەرامبەریان.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو لەلایەن كەسانی نەناسراو تەقە لە بارەگای لقی 12 ی پارتی كرا لە هەڵەبجە، مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئێمە ئیدارەی دەڤەرەكە و دام و دەزگا ئەمنیەكان بە بەرپرس دەزانین لە دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی یاسایی ئەوانەی ئەم كارە ترسنۆكانە و دوور لە شارستانیەتە ئەنجام دەدەن.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە: بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتە و دەستگیرنەكردنی تاوانباران دەبێتە هاندەری خەڵكی دیكەش لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم بۆ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان و بێ‌ حورمەتی كردن بەرامبەریان و دروستكردنی كەش و هەوایەكی نالەبار بۆ كار و چالاكی حزبەكان.

داواش دەكات دام و دەزگا ئەمنییە پەیوەندارەكان بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن لە پاراستنی بارەگاكانیان و دۆزینەوەی هەرچی زووتری تەقەكەرانی شەوی رابردوو و پێشوتریش.

بە وتەی بەرپرسانی لقی 12 ی پارتی دیموكرات شەوی رابردوو تەقە لە بارەگاكەیانكراوە و ئاسەوای گوللـە بە دیواری لقی 12 ەوە دیارە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا