پۆڵەتیك پرێس
پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت، پارتی دیموكرات پێشنیار و سەرەنجەكانی خۆی لە بارەی نووسینەوەی دەستوور داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و داوایكردووە زەمینە سازی بكرێت لەلایەن هێز و لایەنە سیاسییەكانەوە تا كۆدەنگی لەسەر دەستوور هەبێت و هەروەها گرەنتی ماف و ئازادییەكانی تاك بكرێت و ئەو پرۆتۆكۆل و بنەما نێودەوڵەتییانە لەبەرچاوبگیرێت كە لەبارەی مافەكانی مرۆڤەوە هەن.
خەدیجە مزوری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پارتی پێشنیار و سەرەنجەكانی خۆی لە بارەی نووسینەوەی دەستوور داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە تیایدا پێشنیاری كردووە پێش ئەوەی دەستوور بنووسرێتەوە زەمینە سازی بۆبكرێت لە لایەن هێز و لایەنە سیاسییەكانەوە، هەوڵبدرێت كۆدەنگی لەسەر دروست بكرێت بەو پێیەی دەستوور رەهەندی سیاسی و یاسایی هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: بۆئەو مەبەستە پارتی داوایكردووە ژوورێكی تایبەتی سیاسی لە هێز و لایەنە سیاسییەكان دروست بكرێت بۆئەوەی چارەسەری كێشە و گرفت و بیروڕا جیاوازەكان بكرێت لە رێگەی ئەو ژوورەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، پارتی داوای كردووە لە دەستووردا گرەنتی ماف و ئازادییەكانی تاك بكرێت و ئەو پرۆتۆكۆل و بنەما نێودەوڵەتییانە لەبەرچاوبگیرێت كە لەبارەی مافەكانی مرۆڤەوە هەن.