بریندارانی چەكی كیمیایی رووبەڕووی كێشەیەكی نوێ‌ دەبنەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت، بریندارانی چەكی كیمیایی كە بەردەوام پێویستییان بە سەردانی پزیشكەكانییان هەیە لە وڵاتی ئێران، رووبەڕووی كێشەیەكی نوێ‌ بوونەتەوە، ئەویش ئەوەیە هەر بریندارێك ڤاكسینی كۆرۆنای وەرنەگرتبێت ناتوانێت سەردانی پزیشكەكەی بكاتەوە و حكومەتی ئێران رێگای چونە ژوورەوەی نادات.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەو بریندارانەی چەكی كیمیایی كە پێویستە ناوە ناوە سەردانی پزیشكەكانییان لە وڵاتی ئێران بكەنەوە، هەرجارە و دووچاری كێشە و رێگرییەك دەبنەوە لە سەردانكردنی وڵاتی ئێران، پێشتر بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گرتنی سنوورەكانەوە نەیانتوانی بچنە وڵاتی ئێران و سەردانی پزیشكەكانییان بكەنەوە.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە وتی: لە ماوەی رابردوو كە هاتووچۆی سنوردار لە نێوان ئێران و هەرێمدا كرایەوە، حكومەتی ئێران بڕیارێكی دەركردبوو كە هەركەسێك ڤاكسینی كۆرۆنای بەكار نەهێنابێت مافی چوونە ئەو وڵاتەی نییە، ئەمەش بووبەرێگری لەبەردەم سەردانی بریندارانی چەكی كیمیایی بۆ ئەو وڵاتە.

وتیشی: لە دوای هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هەرێمی كوردستان، تا ئێستا لە شاری هەڵەبجە سێ‌ بەركەوتەی چەكی كیمیایی و لە بالیسانیش دوو بەركەوتەی چەكی كیمیایی بەهۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

لە ساڵی 1988 رژێمی بەعس لە شاری هەڵەبجە و بەشێك لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی بەكارهێنا، كاریگەری ئەو چەكەش تا ئێستا لەسەر ژمارەیەك هاووڵاتی ماوەتەوە كە زیاتر كاری لە كۆئەندامی هەناسە و چاو و سنگییان كردووە، لە دوای سەرهەڵدانی كۆرۆنا، ئەو بەركەوتووانی چەكی كیمیایی زیاتر مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبوو كە ئەو چەكە كاری لەسەر كۆئەندامی هەناسەیانكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا