پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند، لەگەڵ خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵكیدان بۆ داواكردنی مافەكانیان، بە مەرجێك توندوتیژی لێنەكەوێتەوەو هێزە سیاسییەكانیش خۆپیشاندانەكە بۆ مەرامی سیاسی نەقۆزنەوە.
چنار سەعد ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكرات بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، خەڵك مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بكات بۆ ئەوەی داوای مافەكانی بكات، بەڵام هیچكات لەگەڵ ئەوەنین پەنا بۆ توندوتیژی ببردرێت، چونكە كێشە بەكێشە چارەسەر ناكرێت و نابێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی موچە، بەڵكو لەبری ئەوە ئەوەندەی دیكە داڕمانی ئابوری دروستدەكات.
وتیشی، “لەگەڵ ئەوە نیم هێزە سیاسییەكان ئەمە وەكو هەل بقۆزنەوە، چونكە نزیك دەبینەوە لە هەڵبژاردن و وەكو بانگەشە بۆ خۆیان و تاوانباركردنی ئەوی دیكە بەكاری بهێنن”.
چنار سەعد هیوای خواست، هەر پشێویەك دروستدەبێت كاریگەری لەسەر رەوتی دانیشتن و كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان نەكات، چونكە لە ئەنجامدا هەر بارودۆخێك رووبدات، دەبێت هێزە سیاسییەكان دابنیشن و چارەسەری بكەن.
دەشڵێت، “گومان لەوە نییە خەڵكانێك هەن حەزدەكەن هەرێمی كوردستان هەمیشە لە ناو كێشە و ململانێدابێت، چونكە ئەو ئەزمونە رەنگە لەبەرژەوەندی كۆمەڵێك هێز و لایەن نەبێت”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ماوەی چەند رۆژێكە بەشێك لە هاوڵاتیان و فەرمانبەران بەهۆی نەبون و دواكەوتنی موچەوە دەستیان بەخۆپیشاندان كردووە، بەڵام زۆرینەی خۆپیشاندانەكان توندوتیژی لێكەوتەوە.
ئەمڕۆ لە پیرەمەگرون خۆپیشاندەران بارەگای یەكێتی و پارتی و گۆڕانیان سوتاند.