پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە چوارچێوەی ئەو كارنامەیەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پێشكەشی كرد، سێكتەری كشتوكاڵ وەك بنەمایەكی ئابووری گرنگ سەیر كراوە و كار و پڕۆژەی گرنگ لەم سێكتەرەدا ئەنجام دراوە بەو ئامانجەی لە داهاتوودا وەكوو كۆڵەگەیەكی ئابووری هەرێمی كوردستان پشتی پێ ببەسترێت، لەم ڕووەوە وەزارەتی كشتوكاڵ لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی چەندین كار و پڕۆژەی جیاوازەوە ویستوویەتی ئەم سێكتەرە بەرەو پێش ببات و وا بكات كە جوتیاران و هاووڵاتیانیش زیاتر پەرە بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان بدەن تاكوو كوردستان لە بری ئەوەی پشت بە هاوردەكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی ببەستێت بەرەو خودبژێوی و تەنانەت هەناردەكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەنگاو بنێت.
بۆ قسەكردن لەسەر كار و پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سێكتەری كشتوكاڵ بە گشتیی، فەرمانگەی میدیا و زانیاری دیدارێكی لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام دا و چەندین تەوەری گرنگی خستە بەرباس.
ـ سێكتەری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟
بێگەرد تاڵەبانی: لە چوارچێوەی ئەو كارنامەیەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پێشكەشی كرد، سێكتەری كشتوكاڵ وەك بنەمایەكی ئابووری گرنگ سەیر كراوە و لەم چوارچێوەیەش بەرنامەڕێژی تەواو كراوە بۆ ئەوەی پەرە بەم سێكتەرە بدەین و وەك یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی ئابووری كاری لەسەر بكەین، هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمیش لە سێكتەری كشتوكاڵ بە هەموو چوارچێوەكانی پەرەپێدانی سێكتەرەكە چ لە بواری كشتوكاڵی و چ لە بواری پەلەوەری یا گاوداری و سێكتەری ئاو و توێژینەوە و ڕێنمایی كشتوكاڵی یاخود لە بواری باخداری، توانیومانە پلان و ستراتیژییەتی خۆمان دابڕێژین و لەسەر ئاستی كۆی سێكتەرەكانیش گۆڕانكاریی گەورە بەدیهاتوون، بەڵام ئەو گۆڕانكارییە گەورەی ئێمە دەمانەوێت بە چاوی خۆمان دەرەنجامەكەی ببینین، چونكە سێكتەری كشتوكاڵ وەكو دەزانین هەنگاوەكانی نەرم نەرم بەرەو پێش دەچێت، بۆیە ڕەنگە لە داهاتوودا ببینین چ هەنگاوێكی گەورە نراوە، بۆیە دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم لە هەمواركردنەوە یان پێشكەشكردنی هەموو ئەو یاسایانەی كە تایبەتمەندن بە بواری كشتوكاڵی وەكوو كۆی ئەو ڕێنماییانەی لە ناو وەزارەتی كشتوكاڵ بوونیان هەبووە بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی زیاتر بۆ سەرمایەدار و جوتیاران و خاوەن پڕۆژەكانی كشتوكاڵی بڕەخسێنین بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ سێكتەری كشتوكاڵ بكەین لە كابینەی نۆیەم، دەبینین وەزارەتی كشتوكاڵ و سێكتەری كشتوكاڵ خواستێكی زۆری لەسەرە، ئەمەش وا دەكات ڕۆژانە فیدباك و دەرەنجامەكانی ئەو بەرەوپێشچوونانە وەربگرینەوە سەرەڕای بوونی هەموو ئەو ئاستەنگانەی كە بوونیان هەیە.
ـ حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاسانكاریی بۆ ئەو كەسانە كردووە كە دەیانەوێت لەم بواری كشتوكاڵ كار بكەن و پڕۆژەیان هەبێت، بۆیە لە كابینەی نۆیەمەوە چەندین پڕۆژەی كشتوكاڵی مۆڵەتیان وەرگرتووە، كاریگەریی ئەو پڕۆژانە چەندە بووە و كەی دەگەینە ئەوەی كە ئاسایشی خۆراك دابین بكەین؟
بێگەرد تاڵەبانی: لە كابینەی نۆیەم ئەو پلانەی كە دامانڕشت لە بواری پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە سێكتەری كشتوكاڵ و پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی یەكێك بوو لە بەرنامە هەرە گرنگەكان و دوای ئەو فیدباكانەی وەرمانگرتەوە لە دەستەی وەبەرهێنان ئێستا ئاستی وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵیدا لە1.5% گەیشتە سەرووی 8% كە ئەوەش موژدەیەكی خۆشە بەوەی وەبەرهێنان لە لایەن سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان و بیانیش ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی پیشەسازی خۆراكی و كشتوكاڵیی بەرز بكەینەوە.
ـ یاسای سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكانی كشتوكاڵ كە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو كراوەتەوە، ئێوەش ڕاتانگەیاندووە كە ئەم یاسایە دەبێتە ڕەخساندنی ژمارەیەكی زۆری هەلی كار ، دەكرێت ڕوونكردنەوەی زیاتر لەمبارەیەوە بدەیت ؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئەمە یەكێكە لە یاسا هەرە گرنگەكان و جوهدێكی فەرمیی وەزارەتی كشتوكاڵە كە بە سوپاسەوە لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش پەسەند كرا، ئەم پڕۆژەیە دوو ئەركی گرنگ دەپێكێت، یەكێكیان ڕەخساندنی هەلی كارە بۆ دەرچووانی كشتوكاڵ و ڤێتەرنەری و پەیمانگەكان و ئامادەییەكان كە شانسی دامەزراندنیان لە كەرتی كشتوكاڵی نەبووە، دەتوانن ببن بە سەرپەرشتیار لە پڕۆژەكان، دوای ئەوەی خولی شیاندنیان بە گوێرەی ناوەڕۆكی یاساكە بۆ دەكرێتەوە، كە بە هەزاران پڕۆژەی كشتوكاڵیمان هەیە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەكدا كە لیژنەی یاسایی لە وەزارەت سەرقاڵی ئەوەن بۆ ئەوەی جێبەجێی بكەن و لە هەفتەی داهاتوودا دوای ئەوەی ڕێنماییەكە بڵاو دەكرێتەوە، ئێمە دەرگا دەكەینەوە بە ڕووی ئەو دەرچووانەی هەلی كاریان بۆ نەڕەخساوە لە كەرتی گشتیدا، بۆ ئەوەی لە خولی شیاندن بەشدار بن و ئەزموون فێر ببن بۆ ئەوەی لە پڕۆژە كشتوكاڵییەكان دابمەزرێن. خاڵی دووەم ئەوەیە كە ئەم پڕۆژەیە ڕێگر دەبێت لەوەی یەكێك لە هەر دوو كەرتی تایبەت و گشتیدا سوودمەند بێت و ئێمە ڕێچكەیەكی ڕاست و دروست دەگرینە بەر و ماددەیەكمان داناوە لە یاساكەدا كە ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن هەمان مافی خانەنشینی دەبێت وەك ئەوانەی لە كەرتی گشتیدا كار دەكەن، بۆیە دەبێت بۆ ئەو مەبەستە لە وەزارەتی كار خۆیان تۆمار بكەن، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگی وەزارەتی كشتوكاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ ئەوەی بتوانین لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژە كشتوكاڵییەكان هەم چاكسازیی هەمیش دەرفەتی كار بڕەخسێنین.
ـ لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ هەنگاوەكانتان چی دەبێت بۆ زیادكردنی باج یاخود قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە بۆ ئەوەی جوتیاران سوود لە بەرهەمەكانی خۆیان وەربگرن؟
بێگەرد تاڵەبانی: بابەتی پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژنامەی كشتوكاڵی ساڵانە دەردەچوێنرێت كە پێشتر و لە كابینەكانی پێشوو و بەس لەسەر ئاستی هەرێم ئەو ئەركەمان دەگرتە ئەستۆ، بەڵام كێشەیەكیشی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ دروست كردووین كە هەر دوو لامان خاوەنی ڕۆژنامەی كشتوكاڵین، بۆیە ئێمە ڕۆژنامەی كشتوكاڵیمان بردە ئەنجومەنی وەزیران و دوای گفتوگۆیەكی ورد، بڕیار لەسەر ڕۆژنامە كشتوكاڵییەكە درا، لەو ڕۆژنامەیەدا بڕیار لە بابەتەكانی میوە و سەوزە و بەروبوومی پەلەوەری و ئەو ماددانە دەدەین كە لە پێویستیی ناوخۆ زیاترمان هەیە، بەشێكیان بە قەدەغەكردن و بەشێكیشیان بە زیادكرنی باج. ئێمە ساڵانە لە بەروبوومی سەوزە كە لە پێویستی ناوخۆ زیاتر بەرهەم دێت بەردەوام قەدەغەمان كردووە، بە هەمان شێوە بۆ بابەتەكانی دیكە، بۆیە كە ساڵانە ڕۆژنامە كشتوكاڵییەكان دەردەكەین بەرچاوڕوونی دەداتە جوتیاران و خاوەن كارەكان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چ مانگێكدا بەرهەمەكان قەدەغە دەكات و لە چ مانگێكدا ڕێگە بە هاوردەكردنی دەدات، ئەمەش پاڵپشتیكردنی بەرهەمەكانی جوتیاران و زیادكردنی بەرهەمی جوتیارانە تاكو لە پێویستی بازاڕەكانی ناوخۆ زیاتر بەرهەم بهێنێت.
_حكومەتی عێراق بریاری قەدەغەی 30 بەرهەمی جوتیارانی كوردستانی دا بۆ ئەوەی نەچێتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بڕیارانە دەكەن؟
بێگەرد تاڵەبانی: لە چوارچێوەی ئەو ململانێ سیاسیانەی كە دروست دەبن لە نێوان ئێمە و ئەوان، كشتوكاڵیش دەبێتە یەكێك لەو بابەتانەی دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەو بڕیارە سیاسیانە، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقیدا باش بووە و بەردەوام سەردانمان لە نێوان هەبووە. وەكوو ئاماژەم پێدا ئەوان لە ژێر فشارێكی زۆری خەڵك و سیاسەتی حكومەتی عێراقدان ئەگەرنا ئەو دانوستانانەی لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە زۆر ئەرێنین، بەڵام كاتێك دەكەوێتە كرداریی كێشە و گرفت دروست دەبێت، لە كۆتا دانیشتنمان وەفدی هەر دوو لا بە ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵی عێراق و وەفدی وەزارەتی كشتوكاڵ و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتووین لەسەر ئەوەی كە لەسەر ئاستی عێراق یەك ڕۆژنامەی كشتوكاڵیمان هەبێت و، ئەو بڕیارانەی لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەردەچێت بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئێمە بێت و ئەو ڕێگریانەی لە ناردنی بەروبوومی ئێمە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە بە هەموو شێوەیەك لا ببرێت، چۆن ئێمە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانی ئەوان دەرگایان بۆ دەكەینەوە بە هەمان شێوە دەبێت ئەوانیش وا بكەن، بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بووە، بەڵام بەشێكیان هێشتا ماون، لە هەفتەی ڕابردوودا وەزیری كشتوكاڵی عێراق واژۆی لەسەر ئەو لێكتێگەیشتنە كرد كە ئومێد دەكەم ببێتە سیاسەتی هەر دوو لامان بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگانەی لە ڕابردوودا هەبوون نەمێنن.
ـ لەسەر پێشنیاری ئێوە لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دراوە گومرك لەسەر هاوردەكرنی ئاژەڵ یا گۆشتی سوور هەڵبگیرێت بۆ پارێزگاریكردن لە هاوسەنگیی بازاڕ، گرنگی ئەو بڕیارە لە چی دایە؟
بێگەرد تاڵەبانی: هەموومان دەزانین بەداخەوە بەهۆی ئەو قەیرانانەی لە دونیادا هەن، بە تایبەتی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، كاریگەری گەورە لەسەر بازاڕی جیهانی دروست بووە. دەمەوێ ڕاشكاویش بم بابەتی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاو و بەرهەمەكان بۆ نێو بازاڕەكانی جیهان، جگە لەوەش بابەتی كۆرۆناش لە دوو ساڵی ڕابردوودا كاریگەری گەورەی هەبووە، بەڵام ئەوەی بە لای ئێمەوە ڕوونە، ئێمە بۆ بەرژەوەندی گشتی ئەم بابەتەمان لە ئەنجومەنی وەزیران باس كرد، بە سوپاسەوە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كرد، لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان ئێمە باج و ڕسوومات لەسەر هاوردەكردنی ئاژەڵ لاببەین، بۆ ئەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان داببەزێت، بە دڵنیاییەوە ئێمە لیژنەی تایبەتی خۆمان هەیە و بەدواداچوون دەكات، وەكو گوتم بەرزبوونەوەی نرخەكان لە جیهان كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبووە، بەڵام ئێمە تواناكانی خۆمان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە چڕ كردووەتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی هاوردەكردنی ئاژەڵ قسە بكرێت و ئەوان نرخ داببەزێنن، بۆ ئەوەی كاریگەری هەبێت لە دابەزینی نرخ لە بازاڕەكاندا، یاخود نرخەكان زیاتر لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەرز نەبنەوە، كە لەبەردەم جەژنیشداین، بە گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان گۆشتخۆرن و بڕێكی زۆر گۆشتیش بە كار دەهێندرێت. لەپاڵ هەڵگرتنی باج بڕیار دراوە ئاژەڵ بەبێ “ڕەسید” هاوردە بكرێت، بەڵام لەم بڕیارەدا ئێمە كۆمەڵێك مەرجی خۆمان هەیە، لە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتیوانی كردن لە پڕۆژەكانی ناوخۆیی. هەروەها بابەتی بڵاونەبوونەوەی نەخۆشی بەهۆی هاوردەكردنی ئاژەڵەوە، بە تایبەتی كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوەی ئەو وڵاتانەی كە ئاژەڵەكانیان تێیدا هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆ ئەوەی لە ڕووی تەندروستییەوە هیچ كێشەیەكیان نەبێت، لە ماوەی 60 ڕۆژیشدا پێداچوونەوە بە بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین بڕیارەكە لە بەژەوەندی گشتیدا بووە و كاریگەرییەكەشی چۆن بووە و دواتر فیدباكی خۆمان بە ئەنجومەنی وەزیران دەدەین.
_مەترسی وشكە ساڵی لە هەرێمی كوردستان هەیە، چۆن دڵنیایی دەدەنە جوتیاران تاكو زەرەرمەند نەبن؟
بێگەرد تاڵەبانی: سیاسەتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی ڕوونە، ئێمە ڕۆژی سێشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ڕاوێژكاریمان تایبەت كردووە بە دیاردەی وشكەساڵی و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ ڕاپۆرتێكی ئامادە كردووە، شار بە شار، ناوچە بە ناوچە، لادێ بە لادێ و هەڵسەنگاندنی تەواوەتیان بۆ ڕێژەی كەمبوونەوەی ئاو كردووە، دوای ئەوە ئێمە ڕاپۆرتی تایبەتی خۆمان دەدەینە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران. دیارە ئەمە پێویستی بە پشتیوانیەكی گەورەی ماددی هەیە، بۆ ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەو پڕۆژانەی كە گرنگن، چ لە دروستكردنی پۆندەكان كە بڕیاریان لەسەر دراوە و نزیكەی 25 پۆند لە هەرێمی كوردستان بۆ گلدانەوەی ئاو دروست دەكرێت، چ لە دانانی بەردی بناغەی ئەو بەنداوانەی كە گرنگ و ستراتیژین و كۆگای گەورەی ئاون لە هەرێمی كوردستان، چ لە تەواوكردنی ئەو بەنداوانەی كە بەشێك لە پارەیان بۆ تەرخان كراوە، بە فەرمانی سەرۆك وەزیران بۆ ئەوەی تەواو بكرێن، هەروەها لە پڕۆژە ئاودێرییەكان و سیستمی پێشكەوتوو لە پاراستنی ئاو، كە ئەمانە هەمووی دەبنە پاكێجێك و وەزارتی كشتوكاڵ كاریان لەسەر دەكات، بەڵام ئەمانە هەمووی بە حكومەت ناكرێت و پێویستی بە تێگەیشتنی تەواوەتی جوتیارانیش هەیە، بۆ ئەوەی بە یەكەوە بتوانین دەست بە ئاوەوە بگرین، بە دڵنیاییەوە ئێمە راپۆرتی خۆمان دەبەینە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە پشتیوانی دارایی، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی بۆمان دابین بكرێت.