بەشیر حەداد زانیاری نوێ‌ لەبارەی پشكی هەرێم و یاسای بودجە دەخاتە ڕوو

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تا ئەو كاتەی لیژنە هونەرییەكانی حكومەتی فیدراڵ كە سەرقاڵی وردبینی كردنن لە داهاتی نەوتی و نا نەوتی هەرێم كارەكانییان تەواودەبێت، ناردنی 200 ملیار دینار وەكو پێشینە لەلایەن حكومەتی عێراق بۆ هەرێم درێژەی دەبێت، جەختیش دەكاتەوە پێویستە هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم پەلەبكەن لە كۆتایی هێنانی ئەو وردبینییانە بۆئەوەی بڕگەكانی یاسای بودجە تایبەت بە هەرێم بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

دكتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: جێبەجێكردنی یاسای بودجە پێویستی بە هەندێك میكانزمی هونەری هەیە، پێویستی بە وردبینی دارایی و وردبینی دۆسیەی نەوت هەیە، ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەی كە پێویستەی نرخەكەی رادەست بكرێت لە كەیەوە و چۆن و ئایا بە مەقاسە بێت و مانگەكانی پێشووش رادەست بكرێت، لەگەڵ رادەستكردنی داهاتی نا نانەوتی وەكو گومرگ و خاڵەسنورییەكان و داهاتەكانی دیكەی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەمەش پێویست دەكات رێژەكەی دیاری بكرێت كە چەندە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتی: بۆ ئەم مەبەستە چەند لیژنەیەكی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستانن، لیژنەیەكیان تایبەتە بە وردبینی لە دۆسیەی نەوت و لیژنەیەكیان تایبەتە وردبینی لە داهاتی نا نەوتی و چەندین كۆبوونەوە كراوە لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو وردبینییانە بە مەبەستی جێبەجێكردنی یاسای بودجە.

وتیشی: تا تەواوبوونی ئەو وردبینیانە و تا كاتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە، هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پێكهاتن لەسەرئەوەی بڕە پارەیەك وەكو پێشینە رەوانەی هەرێم بكرێت كە بریتیە لە 200 ملیار دینار، ئەگینا ئەمە پشكی هەرێم نییە، وە ئەم 200 ملیار دینارە مانگانە رەوانە دەكرێت تا رێكارەكانی وردبینییەكە تەواودەبێت.

ئەوەشی خستە ڕوو، دوای تەواوبوونی رێكارەكانی وردبینییەكە دەردەكەوێت بەشە بودجەی هەرێم چەندە، ئەگەر لە 200 ملیار دینار زیاتر بوو ئەوكاتە زیادەكە رەوانەی هەرێم دەكرێت، ئەگەر كەمتریش بوو، لێی دەگێڕدرێتەوە.

دكتۆر بەشیر حەداد، روونیشیكردەوە ئێمەش وەكو سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند دەكەین كە پەلە بكەن لە تەواوكردنی كارەكانی لیژنە هونەرییەكان و كاری وردبینیەكان بۆئەوەی بڕگەكانی یاسای بودجە پەیوەست بە هەرێم بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا