لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دۆخی عێراق ئاڵۆزتردەبێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانان لە عێراق، ئەگەر بارودۆخەكە هاوشێوەی ئێستای ئەفغانستانی لێنەیەت، رەنگە وەكو ساڵی 2014 و هاتنی داعش مەترسیداربێت.

ئەڵماس فازل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دوو بۆچوونی دژ بە یەك هەیە، یەكێكیان ئەو بۆچوونەیە كە لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە دەخرێتەڕوو كە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكان، وەك دەبینن گەشتووەتە ئاستی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و هێرش بۆ سەر پێگەكانی دیكەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان یان ناوچەكانی دیكەی عێراق، لەلایەن خۆشییەوە ئەمریكا تۆمەتباریان دەكات بە تیرۆریزم ئەمەش بارودۆخێكی خراپی خولقاندووە لە نێوان هەردوولا.

ئەو پەرلەمانتارە وتی: بەشێكی دیكەی هێزە سیاسییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانانن” ئێمە دەزانین رۆشتنی هاوپەیمانان چەند كاریگەرە” هێشتا مەترسییەكانی داعش ماوە.

وتیشی: ناتوانین بڵێین لە شەو و ڕۆژێكدا عێراق هاوشێوەی ئەفغانستانی لێدێت، بەڵام لە ساڵی 2014 بینیمان كاتێك داعش هات چی روویدا لە ماوەی چەند رۆژێكدا موسڵ كەوت و دواتر هاتن تا سنوری حەویجە و باشووری رۆژئاوای كەركوك، بۆیە عێراق ئەگەر بیر نەكاتەوە لە ستراتیجی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەرەو دۆخێكی خراپ دەڕوات.

واشنتۆن و بەغدا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ڕێككەوتن لەسەر گۆڕینی ئەركی ئەمەریكا لە عێراقدا بۆ مەشق و ڕاهێنان و هەروەهاش ئەركی ڕاوێژكاریی؛ ئەمەش یانی كۆتاییهێنان بە ئەركی كردە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا، بەڵام نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر دانانی خشتەی كات بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە.

لە ئێستاشدا شاندێكی باڵای حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی لە ئەمریكایە بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕێكی دیكەی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریكا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا