پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كەس و كاری زیندانیانی بادینان دەڵێن، بارودۆخی زیندانییان خراپە و هیچ بەرەوپێشچونێك نیە لە دۆسیەكانیاندا بە پێچەوانەوە پلانی مەترسیدار بەڕێوەیە لە دژیان.
لە بانگەوازێكدا كەس و كاری زیندانیانی بادینان داوای پشتگیری و هاتنە دەنگی هاوڵاتیان و سەرجەم ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و هەموو ڕێكخراوەكانی جیهانی دەكەن.
دەقی بڵاوكراوەكە:
تكا لەسەرجەم هاوڵاتیان و ئازادیخوازان دەكەین هەركەسێك خۆی بەخەمخۆری كورد دەزانێت بابێدەنگ نەبن لەو زوڵمەی لەگیراوانی بادینان دەكرێت، ئەوان گیانی خۆیان خستوەتە مەترسی لە پێناو بەدەستهێنانی مافەكانی ئێوە دەبێت ئێوەش وەفای خۆتان بخەنەڕوو لە پشت شاشەكان وەرنە دەرێ. لانیكەم گەر بە پۆستێكی سوشیالیش بێت یان بەچالاكی هەڵوێست بنوێنن.
ئەمڕۆ ئەوانن سبەی ئێمەین بۆیە داوا لە سەرجەم ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و هەموو ڕێكخراوەكانی جیهانی دەكەین…
تكایە.. تكایە.. تكایە.. بەجدی تر وەرنە سەرخەت بارودۆخی زیندانیان خراپە هیچ بەرەوپێشچونێك نیە و پلانی مەترسیدار هەیە كە هەموو چالاكوانان بەبێ منەتی حوكم دەكرێن.
پێشتر پۆڵەتیك پرێس زانیاری ئەوەی بڵاوكردەوە كە بڕیارێكی مەترسیدار چاوەڕێی چالاكوان و رۆژنامەنووسە سزا دراوەكانی بادینان دەكات و بەپێی ئەو زانیارییانە لە ئێستادا بڕیاری راستكردنەوەی بڕیارەكەی دەستەی سزایی دوو (هەمان ئەو دەستەیەی پەسەندی بڕیاری سزادانی پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانەكەی كرد لەلایەن دادگای دووی تاوانەكانی هەولێرەوە)، جارێكی دیكە گەڕاوەتەوە بۆ هەمان دەستە لە كاتێكدا پارێزەرانی بەرگریكار داوایانكردبوو ئەو تانەیە بچێتە بەردەستی دەستەی گشتی.
لە بەشێكی دیكەی ئەو زانیارییانەی بە پۆڵەتیك پرێس درابوو مەترسی ئەوە هەیە دەستەی سزایی دوو هیچ گۆڕانكارییەك لە بڕیارەكەیدا لە بەرژەوەندی سزادراوان نەكات، تەنها تۆمەتی ناوهێنانی كونسوڵخانە و نێردە نێودەوڵەتییەكان لە ناو دۆسیەكەدا نەهێڵێت ، ئەو كات بڕیاری سزادانی ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە بەش ساڵ زیندانی بۆ هەر یەكێكیان وەك خۆی جێبەجێدەكرێت.