پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رۆژی 27ی حوزەیرانی 2021، دەستەی سزایی دوو، دووبارە بڕیاری سزادانی پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسی بادینانی بڵاو كردەوە كە بڕیارەکە رۆژی 20ی حوزەیران دەرچووە! كە بۆ هەریەكێكیان سزای شەش ساڵ زیندانی دیاری كراوە لەلایەن دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر.
لە 15 و 16ی شوباتی 2021 دادگایی ژمارەیەك چالاكوان و رۆژنامەنووسی بادینان كرا بە پێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 ی پەرلەمانی كوردستان بە سزادانیان بە شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەك لەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسە كە بریتین لە هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری).
دەرچوونی بڕیارەكەی دادگا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و فشار كرا بۆئەوەی دادگای پێداچوونەوە، تەمیزی بڕیارەكەی دادگای دووی تاوانەكانی هەولێربكات.
بەڵام سەرباری فشار و هەڵوێست و كاردانەوەكان بڕیاری سزادانی ئەو چالاكوان و رۆژنامەنووسانە خرایە بواری جێبەجێكردن.
دوابەدوای بڕیارەكەی دەستەی سزایی دوو بە دووبارە پەسەندكردنی بڕیاری دادگای دووی تاوانەكانی هەولێر جارێكی دیكە كاردانەوەكان و هەوڵ و فشارەكان دەستیان پێكردەوە.
مارتن هوز باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق لە تویتێكدا رایگەیاند: ئەو بڕیارەی لە لایەن مەحكەمەی هەولێر دەرچووە و جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە ئەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانانە شەش ساڵ زیندانی دەكرێن، كە لە مانگی پێنج دەستگیركراون، سەرەڕای ئەو ئیجرائاتە ناڕاست و ناتەندروستەی كە بەرامبەریان كراوە لەلایان نەتەوەیەگرتووەكان ئاماژەی پێ كراوە.
ئەوەشهاتووە، مافی ڕا دەربڕین و مافی رۆژنامەوانی و هەروەها دادگایەكی سەربەخۆ یەكێكە لە مافە بنچینەیاكانی سەرەتایەكانی دیموكراتیەكان.
لەلایەكی دیكەوە نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق (یۆنامی) نیگەرانی خۆی لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەربڕی و رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەرخەری ئەو راستییەیە كە ئەنجامدانی چاكسازی لە دەزگاكانی دادوەری هەرێمی كوردستان لەوپەڕی پێویستی دایە بۆ پێشگرتن لەم جۆرە بە چەوتی بڕیاردانە لە ئایندەدا.
ئاشلی دوریك، بەرپرسی نووسینگەی باڵوێزخانەی كەنەدا لەهەولێر، رۆژی دووشەممە 28ی حوزەیرانی 2021 لە تویتێكدا رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە دەرهەق بەچالاكوان و رۆژنامەنووسان (شیروان شیروانی و شڤان سەعید و ئەیاز كەریم و هەریوان عیسی و گوهدار زێباری)تەواو بێ هیوای كردن.
بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس جگە لەو پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانەی بڕیاری سزادانیان بۆ دەرچووە نزیكەی 70 كەسی دیكە لە چین و توێژە جیاجیاكانی وەكو مامۆستای زانكۆ، چالاكوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس لە ئێستادا راگیراون و سەرجەمیان هاووڵاتی دانیشتووی بادینانن.
چالاكوانێكی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، هەڵوێستی كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و رێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ لە سەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپی بە هەند وەردەگرین لە پرسی ئازادی رادەربڕین و پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمدا.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بە رێزەوە لە هەڵوێستی كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێم دەڕوانین لە پرسی ئازادی رادەربڕین و پرۆسەی دیموكراسی، بە دەركردنی بەیاننامەبێت یان بە كۆبوونەوەی فەرمی بێت، هەوڵەكانیان جێگای پێزانینە، ئومێدئەكەم ئەمجۆرە هەڵوێست و فشارانە درێژەی هەبێت، كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان بۆ سەرپێخستنی پرۆسەی دیموكراسی و حكومەتێكی مەدەنی هاتوون، بۆئەوەی حكومەتی هەرێم حكومەتێك بێت سەروەری یاسا تێیدا باڵادەست بێت و مافەكانی تاك تێیدا پارێزراوبێت، بۆیە ئەگەر هاتوو لە رۆژانی داهاتوو كونسوڵخانە و نوێنەری وڵاتان بێدەنگ بوون لە جێبەجێكردنی سزای چالاكوان و رۆژنامەنووسەكانی بادینان بێگومان نیشانەی پرسیار لەسەر ئەوانیش دروست دەبێت.
یەكێك لەو خاڵانەی كە بەردەوام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم وەكو شانازی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم باسی دەكەن، بوونی فەزای ئازادی رادەربڕین و كەشی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان بۆ تاك بە تاكی هاووڵاتیانی هەرێم، بەڵام وەك چاودێرانی سیاسی و یاساناسان جەختی لەسەر دەكەنەوە، جێبەجێكردنی سزای ئەو چالاكوان و رۆژنامەنووسانە دەبێتە نەشتەرێك بە جەستەی دروشمی ئازادی لە هەرێمی كوردستان و چیدیكە بەرپرسانی هەرێم ناتوانن بە دروشمی ئازادی خەڵك فریو بدەن.
جێی ئاماژەیە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی كوردستان كە لە پێنج دادوەر پێكهاتوون، سێ دادوەریان واژوویان لەسەر حوكمی زیندانیكردنی چالاكوان و رۆژنامەنووسانی بادینان كرد و بڕیارەكەیان پەسەند كرد، ئەوەش كاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لێكەوتەوەو شەپۆلێكی فراوانی بێزاری و ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناو سەربەخۆیی دادگاشی لەهەرێمی كوردستان خستە بەردەم گومانی جدییەوە.