هەرێم بۆ دەستخستنی ڤاكسینی كۆرۆنا چاوەڕێی عێراقە

پۆڵەتیك پرێس:
هەرێمی كوردستان بۆ دەستخستنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاوەڕێی عێراقەو بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش دەڵێت: كێشەكانی نێوان هەولێرو و بەغداد كاریگەری نییە لەسەر وەزارەتی تەندروستی و لە ئێستاشدا چاوەڕوانی عێراقین بۆ ناردنی ڤاكسین، چونكە هەرێم ناتوانێت خۆی بیكڕێت.

خاڵس قادر بەڕێوبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا پرسێكی ناوەندییەو لەڕێگای بەغداوە دەكڕێت، ئێمەش بەشێكمان لەوە دەبێت.

بەڕێوبەری دیوان لە وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بەكاریگەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، كە بەم دوایانە لەنێوان هەردوولا لەڕووی دارایی‌و سیاسییەوە دروست بووەو تا چەند كاریگەری لەسەر ئەو پرسە دەبێت؟ وتی: كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، كاریگەری نابێت لەسەر وەزارەتی تەندروستی، چونكە تا ئێستاش پێكوتەكان هەر وەك پێشتر بۆمان دێت و هیچ كێشەیەكی نییە، تەنانەت تەنانەت بۆ دەرمانیش كێشەمان نییە .

سەبارەت بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی د.خاڵس وتی: هەماهەنگیمان بەردەوامە لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، چونكە ئەوان ئۆفیسیان هەیە لە ناو وەزارەتی تەندروستی.

بەم دوایانە راگەیەنرا، كۆمپانیایەكی ئەمریكی گەیشتووەتە قۆناغی سێیەمی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆناو رەنگە لەمانگی نیسانی داهاتوو ئەو ڤاكسینە بخرێتە بازاڕەكانی جیهان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا