پۆڵەتیك پرێس:
ئەگەری رێككەوتنی هەولێرو بەغدا نزیكەو داواش دەكرێت رێككەوتنەكەش ببرێتە پەرلەمانی عێراق.
سامر زیبان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداریدا لەهەر رێككەوتنێكی هەولێرو بەغدا، ئەگەر لەدەرەوەی پەرلەمانی عێراق بكرێت.
سامر زیبان راشیگەیاند، ئەگەر رێككەوتن لەدەرەوەی پەرلەمان بكرێت، ئەوە بەدڵنیایی هەردوولا پابەند نابن پێیەوە، بۆیە دەبێت رێككەوتن لەناو پەرلەمان بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، هەرێم و بەغدا بەشێوەیەكی سەرەتایی لەسەر یاسای قەرز گەیشتوونەتە رێككەوتن، ئەوەی ماوەتەوە یەكلایكردنەوەی بڕی پارەی هەرێمە لەیاسای قەرزدا.
پێشتریش شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو، هەرێم و بەغدا گەیشتوونەتە رێككەوتنی سەرەتاییو رێككەوتنەكەش ئەوەیە یاسایی قەرز، كە لەرابردوو لە پەرلەمان تێپەڕێنرا جێبەجێی بكەن.
هەروەها راشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ لیژنە تەكنیكییەكان لەگەڵ وەزیری دارایی و نەوت و سۆمۆ بۆ دیاریكردنی بڕی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم و كۆی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان كۆدەبنەوەو دواتر پشكی هەرێم بەپێی یاسای كورتهێنانی دارایی تەرخاندەكرێت و یەكلادەكرێتەوە”.
ماوەی چەند رۆژێكە شاندێكی هەرێم لەبەغدان و لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەو بەشێك لە وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق كۆبونەوەتەوە، هەرچەندە بەوتەی بەرپرسان لێكنزیكبونەوەی باش لەنێوان هەردولا بەدیهاتووە، بەڵام تائێستا بەشێوەیەكی فەرمی نەگەشتوون بە رێككەوتن.