هەرێم ئامادەیە داواكارییەكانی بەغدا جێبەجێبكات

پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی نیشاندا داواكارییەكانی حكومەتی عێراق جێبەجێبكات، لەبەرانبەر ئەوەدا بەغدا موچەی فەرمانبەران بنێرێت.

رۆژی هەشتی كانوونی دووەمی 2020 شاندی حكومەتی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، كە ئامادەن، سەرجەم داواكارییەكانی حكومەتی عێراق، كە لەیاسای قەرزدا هاتووە، جێبەجێبكەن.

لەو بارەوە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە وتی: لەوەزارەتی دارایی عێراق نامەیەكیان بۆ هاتووە، كە تێدا ناوەڕۆكی یاسای قەرزو ئەركەكانی سەر حكومەتی هەرێم روونكراوەتەوەو داوای جێبەجێكردنی كراوە.

ئاوات شێخ جەناب وتیشی: ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەین ئەو داواكارییانە جێبەجێبكەین، بەڵام دەبێت حكومەتی عێراقیش شایستە داراییەكانی هەرێم، بەتایبەتی موچەی فەرمانبەران بەزووترین كات بنێرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق، یاسای كورتهێنانی دارایی‌و قەرزی پەسەندكردو هەرێمی پابەند كرد، كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بكات، لەگەڵ نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان، لەبەرانبەردا بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێم دەنێرێت.

هاوكات هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا وتی: سەرەڕای تێبینییەكانمان لەسەر یاسای قەرزو كورتهێنانی دارایی، بەڵام ئامادەین داواكارییەكانی بەغدا جێبەجێبكەین.

خالید شوانی وتیشی: دەبێت حكومەتی عێراق پابەند بێت، بەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا