پۆڵه‌تیك پرێس
رۆژى یه‌ك شه‌ممه 15/11/2020 سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم به مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى پرسى بڕینى پشكى كورد له یاساى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى دارایى عێراق كۆبوونه‌وه.
دواى كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نووسیدا وتى: “ئێمه له‌وه تێده‌گه‌ین كه مافمان هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ئه‌ركیشمان هه‌یه، هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رپرسیاریه‌تی ڕاناكات، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه به‌رپرسیاریه‌تیی خۆی به‌رامبه‌ر عێراق جێبه‌جێ بكات”.
له به‌شێكى دیكه‌ى وته‌كانیدا سه‌رۆكى هه‌رێم وتى: “حكوومه‌تی فیدراڵ له به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتوون (320) ملیارد دینار بده‌ن به هه‌رێمی كوردستان كه به‌شێكی زۆر كه‌مه له شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم، به‌ڵام په‌سه‌ندمان كردووه، ڕێككه‌وتوین كه ئه‌م شێوازه به‌رده‌وام ده‌بێت تا كۆتاییی ساڵ و له كۆتاییی ساڵیش‌دا ئێمه له یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ئه‌وه‌ی كه پێویسته سه‌باره‌ت به نه‌وت و هه‌نارده‌كردنی له ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ین”.
له به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا نێچیرڤان بارزانى تیشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی: ئه‌م دۆسیه‌یه هه‌ر ئه‌وه نییه نه‌وت ڕاده‌ست بكه‌ین. من ئێستا به كراوه‌یی ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر عێراق ئاماده‌یه مانگانه نۆسه‌د ملیار دینار بداته هه‌رێمی كوردستان، ئێمه ئاماده‌ین فه‌رموو هه‌موو نه‌وته‌كه ببه‌ن.
“قسه‌كانى نێچیرڤان بارزانى یارى كردنه به هه‌ستى خه‌ڵك”
له به‌رامبه‌ر ئه‌م قسانه‌دا غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت: “ئه‌و قسانه‌ى نێچیرڤان بارزانى یارى كردنه به هه‌ستى خه‌ڵك چونكه له 2014 ه‌وه ده‌ڵێت ئاماده‌ى رێكه‌وتنین له‌گه‌ڵ به‌غدا تا ئێستاش رێك نه‌كه‌وتوون”.
غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌پێى یاساى قه‌رز چاره‌سه‌ربكات ته‌نها بۆ سێ مانگه و مانگانه‌ى بڕى 950 ملیار دینارى بۆ دێت، بۆیه پێویسته له پرۆژه یاساى بودجه‌ى 2021 هه‌رێم به راستگۆیانه كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكات.
به بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌كارى بكات بۆ پرۆژه یاساى بوجه‌ى 2021 هه‌ر له ئێستاوه تیمێكى باش به ده‌سه‌ڵاته‌وه ره‌وانه‌ى به‌غدا بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى بگه‌نه رێككه‌وتن، نه‌ك شاندێكى بێده‌سه‌ڵات بڕوات و بێته‌وه ئه‌مه یارى كردنه به ژیانى خه‌ڵك، خه‌ڵكیش تواناى نه‌ماوه ئه‌مه له 2014 ه‌وه درێژه‌ى كێشاوه.
غالب محه‌مه‌د به ئاماژه‌دان به وته‌كانى ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌لال كه وتوویه‌تى هه‌رێم مانگانه یه‌ك ترلیۆن دینارى راده‌ست ده‌كرێت وتى: ئه‌وه له پرۆژه یاساى بودجه‌ى 2019 دا بوو كه پشكى 12,67% ى بودجه‌ى عێراق بۆ هه‌رێم بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له 2020 یاساى بودجه‌مان نه‌بووه كار به‌و یاساى بودجه‌ى 2019 ده‌كرێت.
پشكی مانگانه‌ی هه‌رێم زیاتر له ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناره
به‌پێى پرۆژه یاساى بودجه‌ى ساڵى 2019 ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كه‌ى بووایه‌ت له‌گه‌ڵ به‌غدا، حكومه‌تى عێراق دواى ده‌ركردنى پشكى سیاده و حاكیمه له به‌شه بودجه‌ى هه‌رێم، مانگانه بڕى یه‌ك ترلیۆن دینار زیاترى بۆ هه‌رێم ده‌نارد به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌رێم پابه‌ندنه‌بووه به ناردنى نه‌وت له‌رێگه‌ى سۆمۆوه ئه‌و بڕه پاره‌یه نه‌هات بۆ هه‌رێم، له‌برى ئه‌وه مسته‌فا كازمى دواى ئه‌وه‌ى بوو به سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌ر رێككه‌وتنێك بڕیاریدا بۆ ماوه‌ى سێ مانگ بۆ هه‌رمانگێك بڕى 320 ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێم بكات.
ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌ڵاڵ، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا ڕایگه‌یاند، پشكی مانگانه‌ی هه‌رێمی كورستان زیاتر له ترلیۆنێك و 200 ملیار دیناره ئه‌گه‌ر ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێراق بكات.