موسەنا ئەمین: رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بە پینەوپەڕۆ ناكرێت

پۆڵەتیك پرێس:
دەنگۆی ڕێكەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق هەیەو پەرلەمانتارێكیش پێیوایە، بڵاوكردنەوەی هەواڵی ڕێكەوتن لەگەڵ ناوەند بۆ ئارامكردنەوەو هێوەركردنەوەی ناڕەزایەتی هاووڵاتیان و شەقامە، باس لەوەش دەكات، ئەگەر رێككەوتن بكرێت، تەنیا “ڕێكەوتێكی پینەو پەڕۆیە”.

چەند رۆژێكە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدان‌و رۆژی یەك شەممە 13ی كانوونی دووەمیش دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە هەردوولا لەسەر كێشەكانی نێوانیان گەیشتوونەتە رێككەوت.

موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئامانجی حكومەتی هەرێم چارەسەری موچەی موچەحۆرانی هەرێم نییە، ئامانجەكەی بەدەست هێنانی پارەیە، چونكە ئەگەر حكومەت دەیەوێت كێشەی موچەو قەیرانەكان چارەسەربكات دەبێت بەدروستی ژمارەو زانیاری تەواوی موچەخۆران بدات بەحكومەتی ناوەند تا لەڕێگەی هەردوولاوە كێشەداراییەكان چارەسەر ببن.

موسەنا ئەمین وتیشی: پێشنیارمانكردووە بۆ حكومەتی عێراق لەگەڵ هەرێم ڕێكەوتن بكەن خۆیان‌و خۆیان لیژنەیەك پێكبهێنن بۆ زانینی ڕاستی و دروستی ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم و شوێنی كاركردنیان، دواتر چەند پارەیان پێویستە لەبودجەی عێراق بۆیان دابینبكرێت و بخرێتە سەر هەژمارێكی بانكی لەهەولێرو ڕێگە نەدرێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكاریبهێنێت تەنیا بۆ موچە دابین بكرێت، لەبەرانبەر ئەوەشدا چی داهاتێك پێویستە حكومەتی هەرێم بیدات بە بەغداد تا تەواوی شایستە داراییەكانی دیكە بۆ هەرێم دابین بكرێت.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەبێ ئەو جۆرە ڕێككەوتنە بابەتی موچەی خۆران هەر دەبێتەوە بەكێشەو بەقەیران و وەك خۆی دەمێنێتەوە، حكومەتی هەرێمێش هەر بۆ ئەوە دەڕوات بۆ بەغدا تا (320) ملیارەكە وەربگرێتەوەو خۆی چۆنی ویست بەو شێوە مامەڵەی پێوەبكات.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێكەوتنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ناوەند ڕێكەوتێككی “پینەو پەڕۆیە”و گواستنەوەی قەیرانەكانە لەكاتێكەوە بۆ كاتێكی تر و لەقەیرانێكەوە بۆ قەیرانێكی تر ئەگەر لەچوار چێوەی دەستوردا نەبێت و ناوەڕۆكەكەی كرۆكی چارەسەركردنی كێشەكان نەبێت ئەوە پێی ناوترێت ڕێككەوتن.

چەند ساڵێكە كێشە لەنێوان حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان هەیەو كێشەكانیش پەیوەندی بە پرسی نەوت‌و بودجەی هەرێمی كوردستان هەیەو تائێستاش چەند جارێك هەوڵی رێككەوتن دراوە، بەڵام نەگەیشتوون بەئەنجامی كۆتایی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا