پۆڵه‌تیك پرێس:
تائێستا به‌فه‌رمی پۆستی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان پڕنه‌كراوه‌ته‌وه، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له گه‌رمیان ده‌ڵێت “چه‌ند كه‌سێك خۆیان بۆ ئه‌و پۆسته كاندید كردووه و له رێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه پۆسته‌كه پڕده‌كرێته‌وه”
پۆڵا تاڵه‌بانی، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 5ی یه‌كێتی له گه‌رمیان به پۆڵه‌تیك پرێس-ی راگه‌یاند، “پۆستی سه‌رپه‌رشتیاری گه‌رمیان پشكی یه‌كێتییه و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانیش ئێمه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه له ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌وێ ئه‌و كه‌سانه‌ی كاندید ده‌كرێن بۆ پۆسته به‌تاڵه‌كان و له رێگه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌وه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت”.
وتیشی ، “ئه‌و لیژنه‌یه دوای تاوتوێكردنی كاندیده‌كان ناوه‌كه بۆ حكومه‌ت به‌رزده‌كه‌نه‌وه و دواتر باشترین كه‌س و به‌پێی چه‌ند مه‌رجێك هه‌ڵده‌بژێردرێت و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، ئێمه ئێستا چاوه‌ڕێی بڕیاری لیژنه‌كه‌ین بڕیار له‌باره‌ی پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان بدات”.
له ئێستادا جه‌لال شێخ نوری، قایمقامی كفری له‌شوێنی سه‌رپه‌رشتیاری پێشوی ئیداره‌ی گه‌رمیان و به وه‌كاله‌ت كاره‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات.
لای خۆیشیه‌وه، جه‌لال شێخ نوری به پۆڵه‌تیك پرێس-ی وت “له‌ئێستادا من به‌وه‌كاله‌ت پۆستی سه‌رپه‌رشتیاری ئیداری گه‌رمیانم وه‌رگرتووه، تا ئه‌وكاته‌ی به‌فه‌رمی شوێنه‌كه پڕده‌كرێته‌وه كاره‌كان ڕایده‌كه‌م.
سه‌ڵاح كوێخا، دوای ده ساڵ مانه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی دوو مانگ به‌سه‌ر كۆچكردنه‌كه‌یدا، به‌ڵام تائێستا به‌فه‌رمی هیچ كه‌سێك له شوێنه‌كه‌ی دانه‌نراوه.
له‌ماوه‌ی ڕابردوودا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای وه‌رگرتنی پۆستی ئیداره‌ی گه‌رمیانی كرد، به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌كه ده‌ڵێن، ئه‌و پۆسته پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه و به‌مافی بزوتنه‌وه‌كه‌ی ده‌زانن.