پۆڵەتیك پرێس:
ماوەی شەش مانگە هیچ بەشە خۆراكێك بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا دابەش نەكراوەو بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت: ناردنی بەشە خۆراك لە حكومەتی ناوەندەوە بۆ هەرێم ڕاگیراوە و هۆكارەكەشی نوێنەكردنەوەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانەیە كە ئەو كارەیان پێ سپێردراوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند نەناردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیانی هەرێم پەیوەندی بە حكومەتی ناوەندەوە هەیە و ماوەی شەش مانگە هیچ بەشە خۆراكێكی بۆ هەرێم نەناردووە و هەندێك لە مادە خۆراكییەكان زۆر پێشتریش نەنێردراون.
وتیشی: وەزارەتی بازرگانی ساڵانە گرێبەست دەكات لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ گواستنەوەی بەرهەمەكان، بابەتەكە سیاسی نییە پەیوەندی بە نوێنەكردنەوەی گرێبەستەكانەوە هەیە، بڕیارە بەم نزیكانە گرێبەستەكان نوێ بكرێتەوەو بەشە خۆراكەكان بگات، تا ئێستا لە عێراقیش دابەش نەكراوە.
زەیت و شەكر و برنج وەك بەشە خۆراك لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت، لەبارەی كواڵیتی مادەكانەوە نەوزاد كامیل وتی: شەكر و زەیتەكە بەشێوەیەكی گشتی باشن، بەڵام برنجەكە زۆر خراپە و بە كەڵكی خواردن نایەت و هاووڵاتیان كە وەریدەگرن بە ناچاری دەیفرۆشنەوە، چەند جارێك داوامان كردووە بگۆڕدرێت، بەڵام هەر وەك خۆی ماوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دەشڵێت: پێویستە لە ساڵێكدا هەشت مانگ بەشە خۆراك لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بگاتە هەرێم تا ئێستا دوو جار نێردراوە، زەیت و شەكر و برنج لەو دوو مانگەدا هاتووە، ئاردیش بە بەردەوامی دابەش دەكرێت، چونكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، برنجیش سێ جار لەلایەن ناوەندەوە نێردراوەو دابەش كراوە، بۆ پارێزگای هەولێریش بەشە برنجێكی زیاتر هاتووە.