پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە سزادراوانی بادینان رایدەگەیەنێت، لە مانگی 7 ی داهاتوو نۆ چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكەی بادینان كە ئێستا لە زیندانی ئاسایشی هەولێر راگیراون دادگایی دەكرێن، قسەكانی دیندار زێباریش رەتدەكاتەوە كە وتوویەتی سزادراوانی بادینان چاویان بە كەس و كاریان كەوتووە، تا ئێستا بە هیچ شێوەیەك ئەو سزادراوانە كەس و كاری خۆیان نەبینیوە.
بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بڕیاری دادگایی كردن بۆ نۆ راگیراوی دیكەی بادینان دەرچووە كە بڕیارە لە رۆژانی 5 و 12ی 7 ی داهاتوو دادگایی بكرێن كە لە ئێستادا لە زیندانی ئاسایشی هەولێر راگیراون.
روونیشیكردەوە سەرجەمی ئەوانەی ئێستا راگیراون بە دیاری كراوی نازانن ژمارەیان چەندە چونكە ئاسایش ژمارەكەیان پێناڵێت، بەڵام دڵنیایی دەدەن هەموویان رۆژنامەنووس و چالاكوانن و بە هەمان تۆمەت و ماددەی یاسایی دادگایی دەكرێن كە پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسەكەی لەسەر سزا دراوە.
باسی لەوەشكرد، دوای ئەوەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دیندار زێباری لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووساندا رایگەیاند: سزادراوانی بادینان چاویان كەوتووە بە كەس و كاریان، دەمانەوێت ئەوە بۆ هەموولا روون بكەینەوە ئەو قسەیە دوورە لە راستییەوە و تا ئێستا هیچ یەكێك لە سزادراوان چاویان بە كەس و كاری خۆیان نەكەتووە.
سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە سزادراوانی بادینان وتی: ئەوەی هەیە سێ رۆژ بەر لە جەژنی رەمەزان بۆ نیو خولەك بە تەلەفۆن ئەو سزادراوانە قسەیان لەگەڵ كەس و كاریان كردووە و تەلەفۆنەكەیان داخراوەتەوە.