پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
داواكاری گشتیی هەرێم داوا لە سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەكات لێدوان و كۆنگرەی رۆژنامەوانی لە پارێزەرانی كوردستان قەدەغە بكات، پارێزەرێك ئەمە بە هەوڵدان بۆ رێگری لەو پرسانە دادەنێت كە پەیوەستن بە كەم و كوڕی حكومەتەوە.
لە بڕیارەكەی وەزارەتی داد هاتووە، رێكاری كارگێڕی و یاسایی لە دژی ئەو پارێزەرانە بگیرێتەبەر كە دوای دەرچوونی بڕیارەكانی دادگا لەبەردەم دادگا كۆنگرەی رۆژنامەوانی ساز دەكەن و لێدوان بۆ كەناڵەكان دەدەن و خەڵك دژی دادگەكان هاندەدەن.
بەشدار حەسەن پارێزەر بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەم بڕیارە بۆ داپۆشینی بارودۆخی ناو دادگاكان و ئەو پرسانەیە كە پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە هەیە، بۆئەوەی لەرێگەی یاساوە هەرچییەكیان بوێت جێبەجێی بكەن.
دوای نووسراوەكەی داواكاری گشتی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان، نوسراوێكی ئاراستەی سەرجەم لق و ژوورەكانی سەر بە سەندیكای پارێزەرانی كردووە و ئاگاداری كردوونەتەوە كە نابێت پارێزەران بە هیچ شێوەیەك بۆ ڕاگەیاندنەكان و لەسەر تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان ناوەڕۆكی بڕیارەكانی ئاشكرا بكەن، بەو پێیەی ئاشكراكردنی نهێنیەكانی دادگا كێشە بۆ ئەندامانی خێزانی دادوەران دروستدەكات و داوا دەكات پارێزەران پابەندی ئەو بڕیارە بن.