پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هیوا عومەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس تیشك دەخاتە سەر بڕیاری سزادانی چالاكوان و رۆژنامەنووسانی بادینان و دەڵێت : ئەمەی لە هەرێمی كوردستان روودەدات بەرامبەر بە چالاكوانانی بادینان تەنها بەرامبەر چەند كەسێك نیە لە ناوچەی بادینان، دەبێت ناوی لێبنێین ئەو پێشلێكارییانەی سەرئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ بە مانا فراوانەكەی لە هەرێمی كوردستان كە پێشێلكاری گەورەن، ئەم پێشێلكارییانە و بەردەوامی قەیرانی ئابوری و سیاسی و پێشێلكاری زیاتر لەسەر مافە ئابوری و سیاسی و مەدەنییەكان، گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان پیشان دەدەن بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
– پۆڵەتیك پرێس: سزادانی چالاكوانی مەدەنی و سیاسی و مامۆستای زانكۆ و فەرمانبەر چ كاریگەرییەكی لەسەر رەوشی سیاسی و ئیداری و یاسایی لە هەرێمی كوردستان هەیە؟
+ هیوا عومەر: ئەم رووداوانە لە هەرێمی كوردستان رووداوگەلێكن كە دەبێت ئێمە پێكەوە بیان بەستینەوە بۆئەوەی كۆی گشتی تابلۆكە وەكو خۆی ببینین، ئەمەی لە هەرێمی كوردستان روودەدات بەرامبەر بە چالاكوانانی بادینان تەنها بەرامبەر چەند كەسێك نیە لە ناوچەی بادینان، دەبێت ناوی لێبنێین ئەو پێشلێكارییانەی سەرئازادی رادەربڕین و مافەكانی مرۆڤ بە مانا فراوانەكەی لە هەرێمی كوردستان كە پێشێلكاری گەورەن، ئەم پێشێلكارییانە و بەردەوامی قەیرانی ئابوری و سیاسی و پێشێلكاری زیاتر لەسەر مافە ئابوری و سیاسی و مەدەنییەكان، گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان پیشان دەدەن بۆ چوارگۆشەی یەكەم، ئەم گەڕانەوەیە بۆ دواوە بە جۆرێكە رۆژانە لەگەڵ خۆیدا مافە ئابوری و سیاسییەكان زیاتر پێشێلدەكات، ئەوەی پێش 30 ساڵ لە بەرەنجامی راپەڕین و تێكۆشانی گەلی كورد بەدەستهاتووە روونە ئێستا لەبەردەم مەترسی گەورەدایە، مەترسییەك پێش ئەوەی لەسەر قەوارەی هەرێم بێت لەسەر شكۆی دانیشتووانەكەیەتی، شێوەی دەستگیركردن و زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانی دەروونی و جەستەیی و تەواوی رێكارەكانی دادگایی كردن و سزاكەیان وەك پەرلەمانتاران و ئەو خەڵكانەی كە لەنزیكەوە ئاگاداربوون باسی دەكەن، ئەوە دووپاتدەكاتەوە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان باجی هەڵوێستی سیاسی دەدەن، ئەوەی بەرامبەر ئەوانكراوە حوكمێكی سیاسییە لە بەرگێكی یاساییدا، سزادانی چالاكوانانی بادینان پێمان دەڵێت، شەرعیەتی جەماوەری ئەم دەسەڵاتە رۆژ بەرۆژ لاوازدەبێت و نامێنێت، ئێستا شەرعیەتی دادگاش لەبەردەم پرسیارێكی گەورەدایە، تەنانەت دادگا لەبەردەم هەڕەشەكی گەورەدایە وە ئێستا پێش ئەوەی قسە لەسەر ئازادكردنی گیراوانی بادینان بكەین، دەبێت قسە لەسەر ئەوەبكەین چۆن دادگا لەژێر هەیمەنەی ئیئتلافی حوكمڕان ئازادبكەین.
– پۆڵەتیك پرێس:كاك هیوا بەڕێزت دەڵێی لە ژێر هەیمەنەی ئیئتلافی حوكمڕان، كەواتە تۆ مەبەستت لە هەرسێ حزبی پێكهێنەری حكومەتە، لە كاتێكدا دوو حزبیان هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە لەبارەی راگرتن و سزادانی چالاكوانەكان؟
+ هیوا عومەر: دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت دەرەنجامی شەڕی ناوخۆ دادگاش دوولەتبوو، ئێمە دەزانین بە چ پرۆسەیەكی حزبی كراودا هاتووە، هەڵوێستی یەكلاكەرەوە بەرامبەر ئازادی رادەربڕین ئەوەیە كە ئێمە، داوای گۆڕانكاری گەورە لە سیستمی دادوەری بكەین، ئێمە ئەگەر قسە لەسەر بەرپرسیارێتی یاسایی بكەین، بەپێی ئاستی بەشداری هەریەك لەو سێ حزبەی حكومەتیان پێكهێناوە بەرپرسیارێتییان بەردەكەوێت بەڵام ئەم كەیسە لە ناوچەی بادینانە بەرپرسیارێتی ئەو هێزە زیاترە كە لەناوچەی بادینان باڵا دەستە.
– پۆڵەتیك پرێس: لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگایی كردنی راگیراوەكاندا هێزی چەكدار لە ناوهۆڵی دادگا بوونی هەبووە، لە وەهاحاڵەتێكدا كە هێزی چەكدار ئامادەیی هەبێت تاچەندە دادوەر دەتوانێت بڕیارێكی دادپەروەرانەبدات؟
+ هیوا عومەر: لە هەرێمی كوردستان شتێك نییە بەناوی حوكمڕانی ئەوەی هەیە هێز ئامادەیی هەیە، ئامادەیی هێز زۆر جیاوازە لە دەسەڵاتێك كە رێكخرابێت و دەسەڵاتەكان لەیەكترجیاكرابێتنەوە، لە دۆخی ئامادەبوونی هێزدا، دەسەڵات هێزی خۆی نیشاندەدات، وە ئەوەی لە دادگا روویداوە نیشاندانی هێز و ترساندنی كەس و كار و خەڵكی كوردستانە، بە دیوێكی دیكەشدا ئامادەیی هێز لەناو دادگا بۆ ترساندنی دادەوران و هەڕەشەكردنە لە دادوەرانیش بێگومان لەوەها دۆخێكدا قسەكردن لەسەر دادگاییكردن كە بنەماكەی یاسا و دادپەروەری بێت، قسەیەكی بەتاڵ دەبێت، ئەوەی هەیە ژینگە ترسە، وە ئەم ژینگەیە پێش ئەوەی لە دادگا دروست بكرێت لەسەر شەقامەكان دروستكرا بۆ ئەوەی فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان داوای مافی خۆی نەكات.
– پۆڵەتیك پرێس:دروستكردنی ژینگەی ترس و تۆقاندن لە هەرێمێكدا بە قسەی بەرپرسانی هەرێم دەیەوێت ببێتە نمونەی دیموكراتی و ئازادی، حكومڕانیكردنی ئەم هەرێمە حكومڕانیەكی مەدەنی و دیموكراتیە یان مۆدیلێكە لە حوكمڕانی تۆتالیتاری و شمولی؟
+ هیوا عومەر: ئەوەی لە هەرێمی كوردستان روودەدات بەداخەوە ئاماژەیە بۆ نمونەی دووەم، لە بەرامبەرئەوەدا نابێت رەش بینانە بیربكەینەوە، زۆرینەی خەڵكی كوردستان لە بەرەی رووبەڕووبوونەوەی ئەم دەسەڵاتەن، ئەمەش زیندووێتی كۆمەڵگاكەی ئێمە نیشاندەدات، لەوەش گرنگتر رێكخستن و ئاراستەكردنی ئەم بەرەیەیە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری سیاسی و ئابوری و ئازادكردنی دادگاكان و هێزە چەكدارەكان، لە هەیمەنەی ئەو هێزانەی دەستیانگرتووە بەسەر دەسەڵات و دادگا و كۆمەڵگاوە.
– پۆڵەتیك پرێس:پێشتر خەڵك نارازی بوو لە دەسەڵات هیوای بە ئۆپۆزیسیۆن هەبوو، دواتر خەڵك لە ئۆپۆزیسیۆنیش بێهیوابوو، كەواتە كێ دەتوانێت رابەرایەتی دەنگی ناڕازی بكات و چۆن توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك رێكبخرێتەوە؟
+ هیوا عومەر: ئەم بەرەیە دەبێت دووربخەینەوە لە نەفەسی پۆپۆلیستی و پێویستە بەدیلی خۆی بخاتەڕوو، بەدیلێك كە لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان بگونجێت، ئێمە بەو دیدەوە سەیری بارودۆخەكە ناكەین كاریزمایەك بێت خەڵكی كوردستان رزگاربكات، خەڵكی كوردستان خۆی كاریزمای خۆیەتی، ئێمە دەبێت كاربكەین بۆ هێنانەدی گۆڕانكاری بۆ دنیایەكی دیكە، لەبیریشمان نەچێت هیچ گۆڕانكارییەك لە دنیادا بەرێگای راست و رووندا نەرۆشتووە بەڵكو رووبەڕووی چەندین تونێل و تاریكی و هەوراز و نشێوبووەتەوە.