پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، هێزەكانیان بە هاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای كەركوك و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی بەغداد و قیادەی پۆلیسی پارێزگای صلاح الدین، توانییان بكوژی هاووڵاتییەكەی شاری سلێمانی لە شاری تكریت دەستگیربكەن.
لە راگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، تۆمەتبار ناوی (س، ح، ح، ت) ە و لەدایك بووی ساڵی 1998ە، دوای دەستگیركردنی توانراوە دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمۆبیلە دزراوەكەدا، تاوانبار ماوەی چەند مانگێكە هاتۆتە شاری سلێمانی و نیشتەجێ بووەو بەردەوام كاری بۆ كوژراوەكە كردووە.
دەقی راگەیەنراوەكە:
دوایی ئەوەی دوێنێ 11_6_2021، لە شاری سلێمانی هاوڵاتیەك بە ناوی (عوسمان حەمە سەعید) لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی كوژراو ئۆتۆمۆبیلەكەی لە جۆری تۆیۆتۆ لاندكرۆزەر ستێشن دزراو تاوانباری تاوانەكە هەڵهات و ئۆتۆمۆبیلەكەی بەرەو خوارووی عێراق بردبوو , دەست بەجێ هێزەكانمان بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( 406 ) لە یاسایی سزادانی عێراقی و بە سەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای كەركوك + دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق + ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی بەغداد + قیادەی پۆلیسی پارێزگای صلاح الدیین) توانیمان ناسنامە و شوێنی دانیشتنی كەسی تاوانبار بەناوی (س، ح، ح، ت ) لەدایك بووی ساڵی 1998 تكریت، دەست نیشان بكەین، تاوانبار دەستگیر بكرێت و دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمۆبیلە دزراوەكەدا.
تاوانبار ماوەی چەند مانگێكە، هاتۆتە شاری سلێمانی و نیشتەجێ بووە، بەردەوام كاری بۆ كوژراوەكە كردووە و دوای ئەنجامدانی تاوانەكەی بە ئۆتۆمۆبیلەكەیەوە هەڵدێت بۆ شاری تكریت، لە ئۆپراسیۆنیێكی هاوبەشدا لە سەر زانیاریەكانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و لەلایەن تیمێكی هاوبەشەوە كەسی داواكراو لە ماوەی كەمترلە ( ٢٤ ) كاتژمێردا دەستگیربكرێت، بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبیلە دزراوەكەدا گیراوە و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكەی بەردەوامە .