داود جوندی: حەشدی شەعبی هێزی زۆری نەهێناوەتە شنگال

پۆڵەتیك پرێس:سازدانی: شادان حه‌سه‌ن
داود جوندی لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگالی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانی گفتوگۆیەكی تایبەتی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس، باس لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شەنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا و كشانەوەی هێزەكانی شنگال و رەوانەكردنی هێزی حەشدی شەعبی بۆ سنوورەكە و مەترسیەكانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر قەزای شەنگال دەخاتەڕوو.

پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت حەشدی شەعبی هێزێكی زۆری رەوانەی سنوری شەنگال كردووە تاچەند ئەوە راستە؟
داود جوندی: لەراستیدا ئەوە هیچ بنەمایەكی دروستی نییە، لە سەرەتای هەفتەی رابردوەوە زۆر پڕوپاگەندە كرا، كاتی هەڕەشەی ئەردۆغان لەسەر ئۆپەراسۆنی چیای گەیارە و پرسی رێككەوتنی شەنگال و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سنوری شەنگال، لەسەر ئەو بنەمایەش حەشدی شەعبی هاتە شەنگال، بەڵام بەو ژمارە زۆری باسدەكرێت نەبووە، تەنیا شەڕی ڕاگەیاندن بووە.

پۆڵەتیك پرێس: پرسی ڕێككەوتنی شەنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا بەچی گەیشت، ئایا مەترسی هەڵوەشاندنەوەی هەیە؟
داود جوندی: بەهۆی قبوڵنەكردنی گۆڕانكاری ئیداری لە قەزای شنگال مەترسی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی شەنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، چونكە ئەو رێككەوتنە لەبەرژەوەندی لایەنێكی سیاسی و تاكەكەس بووە، فێڵێك بوو برادەرانی پارتی بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق واژوویانكرد، خەڵكی شەنگالیش قبوڵی ناكەن پرسی گۆڕانكاری ئیداری لەسەر دەستی كازمی و بە هاوبەش لەگەل پارتی بێت، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە هەیە.

پۆڵەتیك پرێس: ئەگەر تەواوی خاڵەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێبكرێت مەترسی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆسەر شەنگال هەیە؟
داود جوندی: بەبۆچوونی ئێمە توركیا لەپشت پەردە دەستی لەو رێككەوتنەی نێوان پارتی و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر شەنگالدا هەیە، بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدەن پەكەكە لێرە نەمێنێت، مەترسی كەمبكەنەوە، بەڵام تائێستا نەك هەر پەكەكە هیچ هێزێك نەكشاونەتەوە، تەواوی ئەو هێزانەی لە سنورەكە بونیان هەیە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە.

پۆڵەتیك پرێس: جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە تاچەند بە گرنگ دەزانن؟
داود جوندی: رێككەوتنەكە هەندێك خاڵی گرنگی تێدایە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێبكرێت، ئێمەش وەك یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەكەین، لەگەڵ خەڵكی شەنگالین هەر شتێك لەبەرژەوەندی خەڵكی شەنگال بێت پشتیوانی دەكەین، بەلامانەوە سەیربوو كاتی ئەورێككەوتنە لە نێوان گروپێكی كازمی و پارتیدا كرا نوێنەری شەنگالی تێدا بەشدارنەبووە، لەلایەكی دیكەشەوە لەگەڵ هەبوونی پرسی پەكەكە نەبوین لەو رێككەوتنە، چونكە ئەوە زەربەیەكی زۆری لە ئاوادەنكردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی خەڵكەكەی داوە، لەگەڵ ئەنجامدانی رێككەوتنێكین لەنێوان حكومەتی هەرێم و سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە.

پۆڵەتیك پرێس: تاچەند مەترسی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی توركیا لە شەنگال هەیە وەك ئەوەی پێشتر توركیا رایگەیاندووە لە چیای گارەش شكست بە ئۆپەراسیۆنەكەی هێندرا.
داود جوندی: زۆربەی خەڵكی شەنگال لەگەڵ ئەو بۆچوونەكیە كە پرسی شكستی توركیا لە ئۆپەراسیۆنی چیای گارە هۆكارێكە بۆ ئەنجامنەدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شەنگال، چونكە گارە سنور بووە لەگەڵ توركیا شكستیانپێهێندرا، لە شەنگالیش بە حوكمی ئەوەی هاوسنورین لەگەڵ رۆژئاوا و سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی و شكستێكی گەورتتر لەسەر دەستی شەنگالیەكان دەبینن ئەگەر بێت و ئۆپەراسیۆن بۆسەر شەنگال ئەنجام بدات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا