ئەو رۆژەی بایدن لەعێراق تەقەی لێكرا

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

ماڵپەڕی “پۆڵیتیفاكت”ی ئەمریكی چەند رووداوێكی نمایشكرد، كە ئاماژەن بۆ ئەوەی پێدەچێت جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لەمیانی سەردانەكانیدا بۆ عێراق تەقەی لێكرابێت لەدوای ئەوەی لە وتارێكیدا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەبەردەم فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ هەندێكتاندابووم، كاتێك تەقەمان لێكرا.

لە وتارەكەیدا بایدن ئاماژەی بەوەنەكرد كەی تەقەی لێكراوە، بەڵام ماڵپەڕی پۆڵیتیفاكت باسی لەوەكرد، پێشتر هەندێك كەس پرسیاری ئەوەیان كردووە ئایا بایدن بەڕاستی لەگەشتەكانیدا بۆ عێراق تەقەی لێكراوە، یاخود نا؟

لەوتارەكەیدا لەبەردەم فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بایدن باسی لەوەكرد، لە رابردوودا تەقەی لێكراوە، ئەم لێدوانە ساڵی 2007ی بیرخستینەوە كاتێك وەك سیناتۆر سەردانی عێراقی كرد.

ئێوە زیرەكییەكی باڵا و ئازایەتی تایبەتتان هەیە، لەگەڵ هەندێكتاندا كارم كردووە كاتێك تەقەمان لێكرا

بایدن بە فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای وت: ئێوە زیرەكییەكی باڵا و ئازایەتی تایبەتتان هەیە، لەگەڵ هەندێكتاندا كارم كردووە كاتێك تەقەمان لێكرا، لەپاڵ هەندێكتاندا بووم كاتێك لەو شوێنانە بووین، كە هەرگیز بیرتان لێیان نەكردبووەوە لەوەی تێیاندابین، هەرگیز كەس نەیدەزانی شتێكی وامان بەسەردێت، بەڵام ئێوە كەسانێكی نایاب بوون.

لەدوای ئەم وتارەی بایدن، مشتومڕ لەناو رەخنەگراندا دروستبوو، پرسیاری ئەوەیان كرد ئایا بایدن لەمیانی سەردانەكانی بۆ عێراق لەنێوان ساڵانی 2004 و 2005 تەقەی لێكراوە یان نا؟ لە وەڵامدا بەشێك لە بەرپرسانی كۆشكی سپی ئاماژەیان بە ئەزموونەكانی سەرۆكی نوێی ئەمریكا كرد كاتێك لەنێوان ساڵانی 2009 و 2010 جێگری سەرۆكی ئەمریكا بوو سەردانی عێراقی دەكرد.

لەو بارەیەوە ماڵپەڕی پۆڵیتیفاكت ئاماژەی بەوەكرد، بایدن هەندێك جار رووداوەكان تێكەڵ بەیەكتر دەكات و لەبارەی شتگەلێكەوە قسەدەكات، كە دڵنیا نییە لە رابردوودا توشی بووە یان نا، ئەوەش هاتووە، ناتوانرێت بەتەواوەتی جەخت لەوەبكرێتەوە، كە بایدن تووشی تەقەلێكردن بووە یان نا، بەڵام بەدڵنیاییەوە گەشتی بۆ زۆرێك لەو ناوچانەی جیهان كردووە، كە پێكدادانی كردەیی و جددیان تێدابووە.

بایدن ساڵی 2007 لەبارەی سەردانەكانی بۆ عێراق چی وت؟
لەمیانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2008، بایدن و چەند كاندیدێكی دیكە باسی پلانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایان كرد لەعێراق، لە 23ی تەمموزی 2007، لەمیانی دیبەیتێكی كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، بایدن باسی لەناوچەی سەوزی عێراق كرد، كە هێزەكانی ئەمریكای تێدایە و بەشێوەیەكی بەردەوام دووچاری هێرشی موشەكی دەبێت.

لەوكاتەدا، كە بایدن سیناتۆری ویلایەتی دیلاوێر بوو وتی: با بەڕاستی قسەبكەین، سەرەتا پێویستە هەموو سەربازەكان بكشێنرێنەوەو سێ هەزار هاووڵاتی مەدەنی ناوچەی سەوز بگوازرێنەوە، كە تا ئێستا حەوت جار تەقەیان لێكراوە، پێویستە پێش هەموو شت پارێزراوییان بۆ دابینبكرێت، ئەگەرنا دەمرن.

لەدوای دوو هەفتە، بایدن بەشێوەیەكی وردتر لێدوانەكانی داڕشتەوە، بەپێی رۆژنامەی “زە هێل”ی ئەمریكی بایدن باسی لە سێ رووداو كردووە، كە لە دوو سەردانی جیاوازدا بۆ عێراق توشی بووە و تەقەی لێكراوە.

لە یەكێك لە رووداوەكانی ناوچەی سەوز تەقە لەو بینایە كراوە، كە بە هاوەڵی كۆمەڵێك ئەمریكی تێیدا نیشتەجێ بوو

بەپێی لێدوانەكانی بایدن، لە یەكێك لە رووداوەكانی ناوچەی سەوز تەقە لەو بینایە كراوە، كە بە هاوەڵی كۆمەڵێك ئەمریكی تێیدا نیشتەجێ بوو و وتیشی: ئەو ئۆتۆمبیلەی كە پێشتر هاتوچۆی پێكردووە رەنگە تەقەی لێكرابێت.

بەپێی رۆژنامەی زە هیل، رووداوەكە لە بەیانیدا روویداوە كاتێك بایدن و یەكێك لە ئەمریكییەكان سەرقاڵی قژتاشین بوون.

سەردانەكانی بایدن بۆ عێراق وەك جێگری سەرۆك
رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی ئاماژەی بەوەكرد، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2009، لەكاتی سەردانێكی بایدن بۆ بەغدا بەمەبەستی چاوپێكەوتن لەگەڵ نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، ناوچەی سەوز لەڕێی موشەكەوە كراوەتە ئامانج.

بەپێی رۆژنامەكە، یەكێك لە موشەكەكان كەوتوونەتە ئەو بەشەی ناوچەی سەوز، كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای تێدایە و تەنیا میلێك لەو بینایەوە دوور بووە، كە بایدن و مالكی تێیدا كۆبوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو كاتەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەیەك كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی لە ناوچەكە بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو كاتەی تۆڕی سی ئێن ئێن، لە تەمموزی 2010، كاتێك بایدن سەردانی بەغدای كرد بەمەبەستی ئاهەنگگێڕان بۆ جەژنی سەربەخۆیی ئەمریكا لەگەڵ سەربازە ئەمریكییەكان، لەڕێی هاوەنێكەوە ناوچەی سەوز كرایە ئامانج.

داواكاری من بۆ ئێوە ئەوەیە، “كۆتایی بەوە بهێنن كە دەستانپێكرد”.

لەو ئاهەنگەدا بایدن بە سەركردە عێراقییەكانی راگەیاند، هەمووان رۆڵی گرنگیان لەم حكومەتە نوێیەدا دەبێت هەتا بتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت، داواكاری من بۆ ئێوە ئەوەیە، “كۆتایی بەوە بهێنن كە دەستانپێكرد”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا