31ی ئاب چۆن روویدا؟

پۆڵەتیک پرێس: تایبەت

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

٣١ ئاب چۆن روویدا و لەکوێوە کارەساتەکە دەستی پێکرد؟
ئایا گاردی کۆماریی سەدام چیان کرد و چۆن چەخماخەی شەڕەکە هەڵگیرسا؟

هەموو شتێک لێرەوە دەستیپێکرد..

رێککەوت،  1-5-1994. شوێن، شارۆچکەی قەڵادزێ. کات10:00ی سەرلەبەیانی.

یەکەمین چەخماخەی شەڕی ناوخۆ…

کادرێکی پارتی بەناوی (عەلی حەسۆ میرخان ژاژۆکی) لەگەڵ جێگری لقی 11ی پارتی لە قەڵادزێ،دەچنە سەر چەند دووکانێک لە قەڵادزێ بە مەبەستی تێکدانی، چونکە بە قسەی خۆی ئەو دووکانانە موڵکی باوکی بووە. خەڵکی ناوچەکەش ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم کارەی کادرەکانی پارتی دەردەبڕن و ئاڵۆزی دروست دەبێت. بەڕێکەوت چەند کادرێکی یەکێتی لەناو خەڵکە ناڕازییەکە دەبن و پێکدادان دروست دەبێت، بەڵام دواتر کۆمەڵێک لە پیاوماقوڵان و ریشسپیانی ناو خەڵکەکە هەوڵی لێکجیاکردنەوەیان دەدەن و دۆخەکە لەوێدا ئارام دەبێتەوە.

دواتر مام جوتیار و ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکێتی، بەلای عەلی و لقی 11ی پارتی لە شارۆچکەکە تێپەڕدەبن و لەپڕدا دەسڕێژی گوللەیان لێ دەکرێت. سەرئەنجام مام جوتیار و دوو پێشمەرگەی یەکێتی دەکوژرێن. ئیدی لێرەوە شەڕی ناخۆ بۆ 4 ساڵ دەستپێدەکات.

مستەفا چاوڕەش، کە ئەوکات مەسول مەڵبەندی یەکێتی بوو لە رانیە، لە گێڕانەوەکانی شەڕی ناوخۆدا دەڵێت: “زه‌مینه‌ی‌ شه‌ڕ له‌ئارادابوو، ئه‌گه‌ر له‌ رانیه‌ نه‌بوایه‌، له‌گه‌رمیان یان له‌هه‌ولێر یاخود دهۆك شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسا. عه‌قڵییه‌تی‌ ‌وه‌زعه‌كه‌‌و حاكمییه‌ت ‌وایكردبو ئه‌م شه‌ڕه‌ش له‌ملی‌ ئێمه‌وه‌ ئاڵا”.

دواتر و پاش یەکەم روبەڕوبوونەوە، بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، سەرکردایەتی باڵای هەردوو حزب، هەوڵی نێوەندگیری و کۆتایی هێنانی دۆخەکەیان دا. بەجۆرێک هەردوولا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند؛ ئەوەی روویداوە، دووربووە لە کاری حزبی و هیچ لایەک فەرمانی نەکردووە بەو کارانە.

هەر بۆ ئەم مەبەستەش، کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی ئەنجام دەدەن و تێیدا چەند خاڵێک بە مەبەستی وەستاندنی شەڕ بڵاودەکەنەوە، لەوانە: 1- ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانی یەکتر، 2- تەسلیمکردنەوەی بارەگاکانی یەکتر 3- راگرتنی گرژییەکان 4- بەکارنەهێنانی زمانی زبر لەدژی یەکتر.

بەڵام هیچ کام لەم هەوڵانە نەبوونە هۆی رێگریکردن لە روودانی شەڕی ناوخۆ و سەرەنجام، لە قەڵادزێوە، شەڕەکە بوو بە شەڕی نێوان دوو حزب و تەشەنە دەسەنێ بۆ رانیە و دواتریش هەموو کوردستان دەگرێتەوە. سەرەنجام، هێزەکانی پارتی لە سلێمانی پاشەکشەیان پێکرا . بۆ یەکەمین جار لە 15ی 5/ 1994 شەڕ گەیشتە ناو شاری هەولێر. هێزەکانی یەکێتی لە 15ی کانوونی دووەمی 1994 توانی هەولێر کۆنتڕۆڵ بکات و پارتی لەو شارە دەربکات.

بەهۆی ئەوەی پارتی دەستی یەکێتی پێنەبوو لە شەڕدا و بێهیوا بوو لەوەی هیزەکانی شەڕەکە یەکلایی بکەنەوە چونکە لە حوزەیرانی 1996، پارتی چەندین هێرشی بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنەوەی هەولێر ئەنجام دا. بەڵام لەسەرجەمیاندا شکستی خوارد هەر بۆیە پارتی گەیشتە ئەو بڕوایەی بە تەنها ناتوانێت بچێتە هەولێرەوە.

یەکێتی بەوەوە نەوەستا، لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا توانی شەقڵاوە و سەفین کۆنترۆڵ بکات و پارتی بەرەو سەری ڕەش پاشەکشەی کرد. ئەمەش وایکرد پارتی کەمتر لە ٢٥٪ خاکی کوردستانی لەژێر کۆنترۆڵدا بمێنێت.

هەر بۆیە لە رۆژی 22ی ئابی 1996، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی سەدام حسێن، سەرۆککۆماری عێراق کرد و داوای هاوکاریی و یارمەتی لێکرد دژی هێزەکانی یەکێتی.
پاش چەند ڕۆژێکیش لە ناردنی نامەکە، بارزانی خۆی سەردانی بەغدا دەکات و لەوێ چاوی بە سەدام حسێن و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای رژێمی بەعس دەکەوێت. لەوێدا، سەدام حسێن رازی دەبێت بە پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی سەربازی بۆ پارتی لە دژی هێزەکانی یەکێتی.

31ی ئاب

پاش راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد و وەرگرتنی دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکەم جار بوو سەربازێکی عێراقی لەم رۆژەدا پێ بخاتەوە خاکی کوردستان. سەدام ئۆکەی بۆ بارزانی کرد و لە بەرەبەیانی 31ی ئابی 1996 هێزەکانی گاردی کۆماری و تانکەکانی T-72ی رووسی، کە یەکەم جار بوو سەدان کیلۆمەتر لە شوێنی سەرەکی خۆیان کە بەغدا و دەوروبەری کۆشکەکانی سەدام حسێن بوو هێندە دووربکەونەوە، گەیشتنە هەولێر بە یاوەری چەندین تانک و زرێپۆش و لیوای تایبەتی رژێمی بەعس لە پرۆسەکەدا بەشداریان کرد.

ئەم هێزانە لە هێرشەکەدا بەژداربوون، لە پڕچەکترین و پۆشتەترین هێزەکانی سوپای عێراق بوون، بە فەرمانی راستەوخۆی سەدام حسێن لە ساڵی 1980 دامەزران و ژمارەیان 80 هەزار کەس دەبوو، کە لەو ژمارەیە 20 هەزار کەسیان تەنها بۆ پاراستنی گیانی سەرۆککۆمار تەرخانکرابوو.

ژمارەو جۆری‌ هێزەكانی‌ رژێمی‌ بەعس کە بەژدارییان لە هێرشەکەی ٣١ی ئابدا کرد:

هەردوو فەیلەقی‌ یەك‌و پێنجی‌ گاردی‌ كۆماریی‌ لەگەڵ‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عێراقی‌ لەهێرشەكەی‌ 31ی‌ ئابدا بەشداربوون‌و بەشێك لەو تانكانەی‌ كە بەكارهاتوون لەجۆری‌ ی رووسی(T72) بوون، كە ئەو دەمە پێشكەوتووترین تانكی‌ سوپای‌ عێراق بوون.

لەپاڵ‌ ئەم هێزانەدا چەندین هێزی‌ تری‌ سوپای‌ عێراق لەهێرشەكەدا بەشداربوون، لەوانە: هێزەكانی‌ فەرماندەی‌ عەمەلیاتی‌ “ئەڵاهوئەكبەر”ی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، تۆپخانەی‌ فەرماندەیی‌ عەمەلیاتی‌ “ئەڵاهوئەكبەر”، هێزەكانی‌ گاردی‌ بەغدا، هێزەكانی‌ عەدنانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ 39ی‌ پیادەی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ كۆماندۆی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ 38ی‌ پیادەی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، لیوای‌ زرێپۆشی‌ 40، تۆپخانەی‌ فەرماندەیی‌ هێزەكانی‌ عەدنانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌، تیپی‌ 7‌و 8‌و یەكی‌ پیادە، لیوای‌ چوار‌و پێنج‌و شەشی‌ پیادە، تۆپخانەی‌ فەرماندەیی‌ هێزەكانی‌ گاردی‌ كۆماریی‌ بەغدا.

لەهێرشەكەی‌ 31ی‌ ئابدا 400 تانك‌و دەیان زرێپۆش ‌و چەندین كەتیبەی‌ تۆپخانەو كاتیۆشاو هاوەن‌و هێلیكۆپتەر بەشداربوون.

هێرشەکە بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دەستی پێکرد، لە هەموولایەکەوە پەلاماری هێزەکانی یەکێتی دراو و تەنها یەک رێگەی دەرچوون بۆ هێزەکانی یەکێتی کرایەوە، ئەویش رێگەی باداوە بوو بەرووی دەشتی کۆیەدا.

رژێمی بەعس پاش تۆپبارانی ناوچەکانی قوشتەپە و سەنتەری شاری هەولێر و بۆردومانی بەردەوامی کۆپتەری جەنگی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لە چەند قۆڵێکەوە هێرشەکەی دەستپێکرد.

قۆڵی یەکەم لە جادەی سەرەکی هەولێر بەرەو ئوردوگای قوشەتەپە، لەوێشەوە بەرەو ئوردوگای کەسنەزان و دارەتو.
قۆڵی دووەم لە رێگەی دیبەگەوە بەرەو ناو سەنتەری شاری هەولێر.
قۆڵی سێیەم لە رێگەی گوێڕەوە بەرەو کانی قرژاڵە و دواتر بۆ ناو هەولێر.
بەجۆرێک هێزەکانی گاردی کۆماریی لە چوار قۆڵەوە بەرەو هەولێر جوڵەیان کرد کە ئەوانیش قوشتەپە گوێر موسڵ و دیبەگە بوو

هێزەکانی رژێمی بەعس پاڵپشت بە هێزێکی بێشوماری پڕچەک، بە یاوەری پێشکەوتووترین تانک و زرێپۆشەکانی ئەو سەردەمە و سەرپەرشتی راستەوخۆی قوسەی کوڕی سەدام حسێن توانیان لە ماوەی کەمتر لە شەو و رۆژێکدا هەولێر کۆنتڕۆڵ بکەن و هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەبێ تەقە بهێننەوە ناو هەولێر.

بەم شێوەیە یەکێتی لە باشووری کوردستان بەتەواوەتی پاشەکشەی کردو چوونەوە بۆ “خڕی ناوزەنگ” مەڵبەندە دێرینەکەی یەکێتی. پارتیش بوو بە فەرمانڕەوای رەهای موتڵەقی کوردستان هەر لە زاخۆوە تا کفری.

گەردەلوولی تۆڵە

بەڵام ئەم حوکمەی پارتی زۆری نەخاید. هێندەی پێنەچوو یەکێتی هێزەکانی خۆی سەرلەنوێ رێکخستەوە لە 9ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1996 و دوای تەنها 40 رۆژ لە 31ی ئاب، لەژێر ناونیشانی “گەردەلوولی تۆڵە” هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی یەکێتی  دەستپێکرد.

یەکێتی توانی هێزەکانی خۆی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە و ئامادەیان بکات، ئەوەبوو توانیان لە ماوەیەکی کەمدا، سلێمانی لەژێر دەستی پارتی دەربهێننەوە و بەرەو شاری هەولێر پێشڕەوییان کرد.

بەڵام بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیا و داواکارییەکانی ئەمریکا، یەکێتی پێشڕەوییەکانی راگرت. لێرەوە کۆتایی هات بە شەڕی چوارساڵەی ناوخۆ، کە بەیەکێک لە رۆژە رەشەکانی گەلەکەمان لەقەڵەم دەدرێت، تێیدا بۆ هاوسەنگکردنی هێز، لایەنێکی کوردی پەنا بۆ دووژمن ببات دژی لایەنێکی دیکەی کوردی.

لە رۆژی هاتنەوەی تانک و زرێپۆشەکانی سوپای بەعس بۆ کوردستان دوای ٥ ساڵ لە وەدەرنانیان لە کوردستان تانکی سەدام حسێن و بچنەە ناو پەرلەمانی کوردستان و دەیان کادری شیوعیش کە لەهەولێر بوون لەلایەن گاردی کۆمارییەوە گیران و کوژران لەناو هەولێردا. وئەو ڕۆژەش وەک مێژوویەکی ڕەش لە مێژووی فەرمانڕەوایی کورد لەباشوری کوردستان تۆمارکرا بۆ هەمیشە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا