سلێمانی .. لە رۆژی جیهانی سینەمادا ١٢  فیلمی کوردی نمایش دەکرێن

پۆڵەتیک پرێس

لە رۆژی جیهانی سینەما کە ٢٨ ی ١٢  ی هەموو ساڵێکە لە شاری سلێمانی لە دوو رۆژدا ١٢ کورتەفیلمی  نوێی کوردی نمایش دەکرێن.

بەشی هونەری سینەمای سلێمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی كاتژمێر ٤ی پاش نیوەرۆ-ی رۆژانی ٢٨  و ٢٩  ی ١٢ لە هۆڵی تەلاری هونەر، چەند چالاكییەك رێكدەخات تێیدا ١٢ فیلمی نوێ نمایشدەكات، كە سەرجەمیان لەلایەن بەشی هونەری سینەمای سلێمانی-یەوە بەرهەمهێنراون.

هەر لە درێژەی چالاكییەكاندا خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە هەردوو هونەرمەندی کۆچکردوو ئاسۆ عومەر سوارە و پشتیوان نوری بەدەوی و خەڵاتەکە بە خێزانەکانیان دەدرێت و هاوکات چەندین پارچە میوزیك و گۆرانی پێشكەشی ئامادەبووان دەكرێت.

لە رۆژی یەکەمی ئیڤێنتەکە چوار کورتە فیلم و لە رۆژی دووەمیش هەشت کورتەفیلم نمایش دەکرێن . ئامادەبوون بێ بەرامبەر و بۆ هەمووان دەبێت و هیچ بلیتێک نافرۆشرێت.

سەردار خەلیل، دەرهێنەر و ئەندامی لیژنەی باڵای چالاکیەکە لەبارەی ئیڤێنتەکەوە بە پۆڵەتیک پرێس-ی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی ماوەی سێ مانگە خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەم رۆژە ، کارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری  و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەر و  هونەری سینەما ئەنجامدراون

وتیشی: دڵخۆشین بەوەی سینەما لە کوردستانیش هەنگاوی زۆر باشی ناوە ،  توانراوە کاری زۆر باش بکرێت و هەنگاو بە هەنگاو سینەما بچێتە پێشەوە .

لەبارەی فیلمەکانەوە سەردار خەلیل وتی: ئەم ١٢ کورتەفیلمە بەرهەمی ئەمساڵن و هەموویان بەرهەمی ناوخۆن ، هەموو ستافی فیلمەکان کوردین و ستافی بەردەم کامێر و پشت کامێراش کوردن.

ئیڤێنتەکە بە ڕەچاوکردنی سەرجەم ڕێکارە تەندروستیەکان بەڕێوەدەچێت بەجۆرێک ڕەچاوی شێوازی دانیشتن و بەکارهێنانی پاکژکەرەوەو دەمامک بۆ ئامادەبووان دەکرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا