پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێسدا جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم تیشكدەخاتە سەر چەند تەوەر و بابەتێكی هەستیار و دیدو تێروانینی خۆی لەسەر چەند پرسێك دەخاتەڕوو، بەتایبەتی رودوای هێرشەكەی شەوی 12 لەسەر 13 ی ئەم مانگە و پرسی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و جموجوڵەكانی داعش و بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
_ پۆڵەتیك پرێس: دەمەوێت سەرەتا لە هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێرەوە دەست پێبكەم، كە ئەمە یەكمجارنیە هێرش دەكرێتە سەرشاری هەولێر، ئەگەر زانیاریتان هەبێت هێرشەكە لە كوێووە كراون و ئامانجی هێرشەكە چی بووە؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : ئەمجارە وەكو دەی بیستین جیاوازە لە جارەكانی پێشوو، چونكە پێشتر لە سنوری ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە لەلایەن هەندێك لە گروپە شیعە توندڕەوەكان هێرشەكان دەكران، بەڵام مووشەكەكانی هێرشی ئەمجارە جیاوازە، مەودای مووشەكەكان و شوێنی ئاراستەكردنی مووشەكەكان جیاوازن.
_ پۆڵەتیك پرێس: لەگەڵ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان قوربانیەكی زۆری داوە و تا ئێستا پەنجەی سەربازێكی ئەمریكی لە هەرێم خوێنی لێنەهاتووە بۆچی ئەمریكا سیستمێكی پێشكەوتووی دژە مووشەك لە هەرێمی كوردستان جێگیرناكات، لە كاتێكدا ئەمە چەندینجارە ئەم هێرشانە بۆسەر شاری هەولێر دووبارە دەبنەوە و كونسوڵخانەی ئەمریكا دەكرێتە ئامانج؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : ئێمە پێویستمان بە ئەمریكا هەبووە، ئەگەر ئەمریكا و هاوپەیمانان نەبوونایەت رژێمی سەدامیش بەوئاسانیە نەدەڕووخا، وە ئەو قەوارەیەی هەرێمی كوردستانیش دروست نەدەبوو، دەبێت ئەو پرسیارە لە ئەمریكیەكان خۆیان بكرێت كە بۆچی تا ئێستا سیستمی دژە مووشەكیان نەهێناوە، تەنانەت لە عێراقیش بەوشێوەیە نیە كە باڵیۆزخانەی ئەمریكای تیایە، بەڵام ئەگەر هێرشەكان بەردەوام بن ناچاردەبن بۆ پارێزگاری لە سەربازەكانیان ئەو سیستمە دژە مووشەكە بهێنن، چونكە ئامانجی هێرشەكان هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانن.
_ پۆڵەتیك پرێس: پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گەشتووەتە كوێ بۆچی تا ئێستا ئەو پرۆسەیە تەواونەبووە؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پرۆسەیەكی قورسە، ئەوەندە ئاسان نیە كە بڵێین بە ماوەیەكی كەم ئەو پرۆسەیە جێبەجێدەكەین، بەڵام بەراورد بە ساڵی رابردوو پرۆسەكە زۆربە باشی جێبەجێدەكرێت و تا ئێستا چەندین یەكە لە هێزەكانی حەفتاو هێزەكانی هەشتا چوونەتەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە.
_ پۆڵەتیك پرێس: لێرەو لەوێ باسی خۆرێكخستنەوەی داعش دەكرێت لە عێراق، ئایا داعش توانی خۆرێكخستنەوەی هەیە و بتوانێت وەك رابردوو ناوچەیەك بگرێت و بیخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : راستە داعش تووشی شكستێكی گەورەبووە، هەموو ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵی كردبوو لێی سەندرایەوە و ژمارەیەكی زۆریان كوژران یان برینداربوون و بەدیلگران، دواتر داعش خۆی رێكخستەوە، ئێستا توانایەكی زۆرباشی هەیە، لە رووی لۆجستی و جۆری چەك و ژمارەی ئەندامەكانیان و بوونی سەركردەكانیان لە زنجیرە چیای حەمرین تا دەچێتە قەرەچوغ، وایكردووە لەو ناوچەیە جێگرببن و هیچ مەترسیەكیشیان لەسەر نەبێت، تونێلیان هەیە، ئەشكەوتیان هەیە، بنكەی مەشقیان هەیە، توانیویەتی خۆی رێكبخاتەوە زۆر بە باشی و جۆری شەڕەكانیان گۆڕیوە بە شەڕی پارتیزانی، بەڵام توانای ئەوەی نیە وەكو رابردوو بێت شارێك بگرێت، لە نێوان ئێمەو سوپای عێراقیشدا هەندێك بۆشایی هەیە كە بوەتە هۆی ئەوەی داعش جێ پێی خۆی قایم بكات، رۆژانە دژی سوپای عێراق چالاكی هەیە و زۆرجاریش دژی هێزی پێشمەرگە و تەنانەت دانیشتووانی ئەو ناوچانەش چالاكی دەكات.
_ پۆڵەتیك پرێس: ئیشی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق چیە، ئەو ژوورە هاوبەشە گەشت بە كوێ؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە هەماهەنگی نیە لەنێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگەدا، هەرچەندە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە هەموو ئامادەكاریەكی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەو هەماهەنگییە هاوبەشە، بەڵام هەنگاوەكان لەلایەن عێراقەوە خاوە.
_ پۆڵەتیك پرێس: سەرەنجت چیە لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : بڕیارێكی زۆر ناخۆشە، نەبوونی یەكڕیزی و تەبایی لە كوردستاندا ، ئەوە پاسێكە بۆ ئەوان كە ئەتوانن ئەو بڕیارە قورسە بدەن لەسەر هەرێمی كوردستان كە بڕیارێكی سیاسیە و هیچ رەهەندێكی یاسایی نیە.
_ پۆڵەتیك پرێس: پێت وایە ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەگەر بچێتە سەر، سەردەكێشێت بۆ كۆمەڵێك بڕیاری تر و هەندێك باس لەوە دەكەن رەنگە دادگای فیدراڵی بڕیارێكی تر دەربكات و دان نەنێت بە قەوارەی هەرێمی كوردستانیشدا؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : ئەگەر ئێمە هەروابین بە دڵنیاییەوە ئەبێت چاوەڕوانی شتی خراپتریش بكەین، دوای بڕیارەكە دەبوو سەدان هەزار خەڵكی كورد بڕژایەتە سەرجادە بەڵام بەداخەوە یەك كەسیش بە خەیاڵیا نەهات لە كوردستان.
_ پۆڵەتیك پرێس: ئەوەش بۆخۆی پرسیارە بۆچی خەڵك بەوجۆرەبوو، تەنانەت هەندێك كەس لە سۆشیال میدیا خۆشیان دەردەبڕی؟
+ جەعفەر شێخ مستەفا : ئەو دەستخۆشییەی كە دەیكەن لە قەناعەتەوە نیە، بەڵام ئێش و ئازاریان هەیە لێرە، نا رازین لێرە، پێم وانیە هیچ كەسێك هەبێت بگاتە ئەو ئاستەی پێی خۆش بێت بڕیارێكی وابدرێت بەڵام بەراستی ئەمەندە ناڕەزایەتیەكە زۆرە كە گشتووەتە لووتكە.