پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكومەتی هەرێم لەبری ئەوەی پلانی هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، ئیشی بووەتە ئەوە دوای شەهیدبوونی پێشمەرگەكان بەیاننامە دەردەكات و بە كەس و كاریان دەڵێت، هەر رۆڵەی ئێوە نەبوون و رۆڵەی ئێمەش بوون، دواتر مووچەی شەهیدانەیان بۆ دەبڕێتەوە.
دەربارەی هێرشەكانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: هۆكاری سەرەكی ئەم رووداوانە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێتەوە كە لەو سنورەدا هەیە، لەلایەكی دیكە حكومەتی عێراق پێی باشە رۆژی سەد كەس شەهید ببێت بەڵام هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو سنورانە، بەڵام پێویستە هەرچی زووە هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بن كە هێزی هاوبەشی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق لەو ناوچانە پێك بهێنرێت بە ئامانجی نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی كە هەیە.
وتیشی: ئەگەر خەتای وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمە پێویستە حكومەتی عێراق بێمنەت بێت و راستییەكان بە خەڵك بڵێت وە ئەگەر پێچەوانەكەشی راستە، پێویست ناكات وەزارەتی پێشمەرگە شەرم بكات یان سڵ بكاتەوە پێویستە راستییەكان بۆ خەڵك روون بكاتەوە.
باڵانبۆ محەمەد، رەخنەی توندی ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردو باسی لەوە كرد، ئایا ئیشی حكومەتی هەرێم چییە ، حكومەتی هەرێم بەتەمایە دابنیشێت بەدیار قەدەری خواوە، نابێت پلانی هەبێت، یەعنی كە ئێمە هەموو پێشمەرگەكانمان شەهید بوون حكومەتی هەرێم هەر بەیاننامە دەربكات و بڵێت خوا لێیان خۆش بێت بە كەس و كاریان بڵێت ئەوە رۆڵەی ئێوە نەبوون و رۆڵەی ئێمە بوون و شەهیدانەیان بۆ ببڕێتەوە.
باسی لەوەشكرد، حكومەتی هەرێم نابێت دابنیشێت بەدیار قەدەرەوە، ئەگەر حەشدی شەعبی نا رازییە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە دەستوور و دادگای فیدراڵی هەیە بۆ ناڕوات چارەسەری بكات.
شەوی ڕابردوو داعش لە ناوچەی زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری كەركوك، هێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دوو پێشمەرگە بە ناوەكانی خالید حەمید هەیاس و ئاكۆ كەریم قادر شەهید بوون.