‎بزوتنەوەی گۆڕان: ئامانجەکانی راپەڕین نەھاتونەدی

پۆڵەتیک پرێس

‎ئەمڕۆ شەممە بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی سەبارەت بە راپەرینی  5ی ئازار بڵاو کردەوە، ئاماژە بەوە دەدات ئامانجەکانی راپەڕین نەھاتونەدی.

لە پەیامەکەدا ڕوونی کردۆتەوە لە ساتەوەختێکی پڕ ئاڵنگاری و کێشمەکێشمی سیاسیی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان (٣١) ساڵ بەسەر یادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕیت. ئەم یادە بیرەوەری چرکەساتێکی مێژویی نەتەوەکەمانە، کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتو و پتەوەوە هاونیشتیمانیان و پێشمەرگە و رێکخستنە نھێنیەکان دژی جەور و ستەمی رژێمی بەعس وەستانەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ‎مایەی رەخنە و نیگەرانییەکی قوڵە دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حکومڕانی، ئامانجەکانی راپەڕین نەھاتونەدی و، حوکمڕانیەکی ناتەندروست بە قەیرانی فرە رەهەند بووەتە دیفاکتۆ، بەشێوەیەک گەندەڵی بەربڵاوە، داهاتەکان شەفاف نین و ناچنە خزمەتی خەڵکەوە، رێژەی بێکاری زیاد دەکا و گەنجان بێ ئومێدن، ئیرادەیەکی جدیش نابیندرێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و گۆڕانکاری ریشەیی، ھەروەک ھاوکاری نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتە سیاسییەکانی دیکە و، داخوازییەکانی ئازادیخوازان و رۆشنبیران و میدیاکان. ‎سیاسەتی ھەڵە و نەبوونی ستراتیژێکی نیشتیمانی و بێباکی لە خواستی ھاونیشتیمانیان بۆ دامەزراندنی ھەرێمێکی دیموکرات و دادپەروەر، کوردستانی خستووەتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی گەورە.

ڕوونیشی کردەوە، لەگەڵ ئەوەی رەنج و ئارەقەی نێوچاوان و خوێنی شەھیدان و خەباتی سەدەیەک لە قوربانیدانی نەتەوەکەمان لە پێناو دەستکەوتی حیزبی و شەخسی کورتخایەن وا خەریکە بەھەدەر دەدرێت. ‎ ئەم وێنە گشتیە نیشانەی دەیان مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئەزمونی حوکمڕانی، کە دیارترینیان نەمانی متمانەی سیاسیە بە دامەزراوەکانی سیستمی حوکمڕانی، چونکە خەڵکی کوردستان دژ بە ستەمکاری راپەڕینی کرد، کەچی ستەمی سیاسی و ئابوری بەردەوامە، ھاوڵاتیان دژ بە نادادپەروەری وەستانەوە، نادادی ھەمو پنتەکانی سیاسەت و ئابوری گرتۆتەوە.

لە پەیامەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەکات، خەڵک بۆ ئازادی تێکۆشان، بەڵام ئێستا ئازادیە گشتی و مەدەنیەکان لەبەردەم پێشێلکاریدان.

‎لەم یادە نەتەوەیی و نیشتیمانیە پڕ بایەخەدا، بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی مەدەنی و نیشتیمانی بەرپرسیار، کە دواین پڕۆژەی سیاسیی ئەندازیاری راپەڕین نەوشیروان مستەفایە؛ هۆشداری دەدات لە مەترسیەکانی ئەو تونێلە تاریکەی ئەم ئەزمونە سیاسیەی پێدا تێدەپەڕێ، بانگەوازی پێکەوەکارکردن و یەکێتی نەتەوەیی دەکات بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی نیشتیمانسازی راستەقینە، کە گرنگترین هەنگاو چاکسازی لە ناوخۆ و رێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستور لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی.

‎لە کۆتای پەیامەکەدا دەڵێت، پێویستە یادی راپەڕین هەموان بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بەجۆرێک هاندەرمان بێت بۆ پتەوکردنی ژێرخانی سیاسیی و ئابوری هەرێم، بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و حکومەت، خەڵک و دامەزراوەکانی سیستمی سیاسیی، جەماوەر و حیزبەکان، چونکە گەورەترین مەترسی قەیرانی بێ متمانەییە ناوخۆدا، ئەو مەترسیەش کاتێک دەگۆڕێت بە دەرفەت کە حوکمڕانی کوردستان پشتگیری خەڵک بەدەست بهێنێت و میللەتەکەمان خاوەندارێتی لە پاراستی دەستکەوتەکانی راپەڕین بکات.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا