پۆڵەتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نوێنەری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە ئۆكرانیا دەڵێت، فڕۆكەمان ئامادەكردووە بۆ ئەو خوێندكارە كوردانەی بەنیازن ئۆكرانیا جێبهێڵن و هەر خوێندكارێك بیەوێت بگەڕێتەوە، دەیگەڕێنینەوە بۆ كوردستان.
نەهرۆ عەلی بەگ نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئۆكرانیا بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆكرانیا تا 20 ی ئەم مانگە رەنگە ئەگەرێكی لاوازبێت بەهۆی ئەنجامدانی ئۆلۆمبیادی پەكین، ئێمەش لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی گەیاندن قسەمانكردووە لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ، فڕۆكەیەكی تایبەت ئامادەبكەین بۆ گەڕاندنەوەی خوێندكارانی كورد بە بێ جیاوازی.
نوێنەری یەكێتی لە ئۆكرانیا وتی: لەگەڵ هەندێك لە خوێندكارانی كورد لە ئۆكرانیا لە پەیوەندیداین بۆئەوەی لە كاتی بارودۆخی نەخوازراوو كتوپڕدا ئەوانیش هاوڕێكانیان ئاگاداربكەنەوە، ئێمە لە رێگەی كۆمپانیایەكی تایبەتەوە فڕۆكەیان بۆدابین دەكەین بۆئەوەی هەر خوێندكارێك خواستی گەڕانەوەی هەبوو بیان گەڕێنینەوە.
ئەم هەوڵەی یەكێتی لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هاووڵاتیانی كورد لە ئۆكرانیا سەرپشكن لەوەی دێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان یان لەو وڵاتە دەمێننەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ هەوڵێكی حكومەتی هەرێم بكات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی خوازیارن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.