پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpres
ئەنجومەنی بەرگری وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەل ڕاوێژكارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێم كۆبوونەوە، پڕۆسەی چاكسازی و دوایین گۆرانكارییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە و هاوكارییەكانی هاوپەیمانان لەوبارەیەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێكرا.
رۆژی سێشەممە 21_12_2021، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی باڵای نێوان بۆردی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژكارانی باڵای هاوپەیمانانی كرد.
لەلایەن بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە، پوختەی مێژووی دروستبوونی بەڕێوەبەرایەتیەكە و كار و چالاكیەكانیان لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021، پرسی پڕۆسەی چاكسازی و دواین گۆڕانكاریەكان و پرۆژە ستراتیژیەكانی وەزارەتی پێشمەرگە خرایەڕوو.
وەزیری پێشمەرگە، وێڕای دەستخۆشی كردن لە بۆردی باڵای چاكسازی و بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: پرۆسەی چاكسازی زەروورەتێكە و هەموومان هاوكارو پاڵپشتی چاكسازین لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەم پێناوەشدا، هەموو هەوڵێك دەخەینە گەڕ و ناوەستین و بەردەوام دەبین.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، وەزیری پێشمەرگە، سوپاس و ستایشی ڕاوێژكارانی باڵای هاوپەیمانانی كرد، لە بەردەوامی هەماهەنگی و پاڵپشتییەكانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاكسازی سەربازی و دروستبوونی هێزێكی تۆكمەی سەردەمیانە.
راوێژكارانی باڵای سەربازی هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئەمریكا و هۆڵەندا، سەرنج و پێشنیارەكانی خۆیان لەسەر هەنگاوەكانی ئێستای چاكسازی و لەمپەرەكانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە خستەڕوو، جەختیشیانكردەوە لەو پڕۆژانەی پێویستیان بە رێككەوتنی سیاسی دەرەوەی وەزارەت هەیە، هەوڵەكانی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ لابردنی ئەوئاستەنگانەی دێنە پێشەوە.
راوێژكارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان ئاشكرایان كرد، بۆ ساڵی ئایندە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و لەوبارەیەوە ئاستی هەماهەنگی و هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە پەرەپێدەدەن.
لەسەر پەیوەندی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراقی ستراتیژییەو مەترسییەكانی ئێستای تیرۆر و تیرۆریستان لەناوچەكەدا، پێویستی بەهاوكاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، لەمڕوەشەوە هەوڵەكانمان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر و كۆنكرێتی دەخەینەگەڕ.