فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا پەنا دەبەنەبەر هەولێر

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

چەند سەرچاوەیەکی سیاسی لە بەغدا ئاشکرایان کرد، بەشێک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، بەرەو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان رۆیشتوون، جەختیان لەوەش کردەوە، ئەم هەنگاوە پەیوەندی بەو دۆخە ناکۆکەی ئێستاوە هەیە کە تێیدا واشنتۆن متمانەی بەوە نییە حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێگری لەو هێرشە موشەکییانە بکات کە سەرلەنوێ بەرۆکی باڵیۆزخانەیان گرتووە.

بەشێک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەرەو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان رۆیشتوون

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ماوەی چوار رۆژە لەسەر یەک، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاوە بە سەرباز و هێزەکانیان دەکەن لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری بەغدا و ئەو ناوچانەی سەر بە میلیشیاکانی ئێرانن، سەرباری ئەوانەش، هێزێکی زۆر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی بڵاوەی پێکراوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە میدیاکانی ناوخۆی راگەیاند، لە ماوەی چەند سەعاتی رابردوودا، ژمارەیەک فەرمانبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا رەوانەی هەولێر کراون، بەتایبەت کە لەو شارە کۆنسوڵخانەیەکی گەورەی ئەمریکای تێدایە و بەپێی قسەکانی ئەو سەرچاوەیە لە ڕووی ئەمنییەوە بۆ ئەمریکییەکان باشترە، وتیشی: کرداری گواستنەوەی فەرمانبەران هەر ئەمە نەبووە، بەشێکی دیکەشیان بۆ بەسەربردنی سەری ساڵی نوێ گەڕاونەتەوە لای خێزانەکانیان و بەرەو ئەمریکا رۆیشتوون، جەختی لەوەش کردەوە، لە ئێستادا ژمارەی ئەمریکییەکان زۆر کەمترە لە ساڵانی پێشوو.

ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هێشتا لە بەغدایە

لایخۆیەوە، پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی نەسر کە بەوە ناسراوە لە مستەفا کازمی نزیکە هەواڵی گواستنەوەی فەرمانبەرە ئەمریکییەکانی پشتڕاست کردەوە بەڵام باسی لەوە کرد، ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هێشتا لە بەغدایە و ئەو فەرمانبەرانەی رەوانەی هەولێر کراون ئەوانەن کە زۆر پێویست نین.

لە هەمان کاتدا، دانیشتووانی ناوچەکانی نزیک لە بنکەی عەین ئەسەد کە یەکێکە لە بنکە سەربازییە گەورەکانی ئەمریکا لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق باسیان لەوە کرد، فڕۆکەی ئەمریکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە دەروبەری بنکەکە کەوتوونەتە جوڵە.

لەوبارەیەوە محەمەد عوبێدی کە یەکێکە لە دانیشتووانەکانی شارۆچکەی بەغدادی، ئەو شوێنەی بنکەکەی تێدایە وتی: لە ئێوارەی پێنجشەممەوە هاتوچۆی فڕۆکەوانی هێمن نەبووەتەوە و لە بەیانی رۆژی هەینیشەوە چەند هێلیکۆپتەرێک لە بنکەکە نیشتوونەتەوە و سوپای عێراقیش بە ناوچەکەدا بڵاوەی پێکراوە و لە گەڕی سەربازی بەردەوامدان.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی نزیک بووەتەوە و تەنیا چەند رۆژێکی کەمی ماوە، بەپێی رای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی لە عێراق، رەنگە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بەشێکی پەیوەندی بەوەوە هەبێت خۆیان بپارێزن لە هەر هێرشێکی میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران.

لەدوای ئەوەی سەرەتای کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، هەریەکە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران، ململانێکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا زیاد بوون، جگە لەوەش، ماوەی چەندین مانگە لەڕێی بۆمبی چێنراو و موشەک و چەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ناوچەی سەوز و بارەگا و بەرژەوەندی و کاروانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عێراق دەکرێنە ئامانج.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا